قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە دانیێل روبنستین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکاو لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(29/1/2025) بەڕێوەچوو، باس لە دوا هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کردو روونیکردەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو و بەهێزبێت و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بەڕێوەبچێت تا بتوانێت لە ئاست بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتییانی هەرێمدابێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەو جەختکرایەوە لەسەر بەهێزترکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP