سیناتۆرێكی فه‌ره‌نسی: کورد له‌ رۆژئاڤا بەتەنها جێنه‌هێڵن

جیهان
20:27 - 2025-01-01



سیناتۆرێكی فه‌ره‌نسی داوا له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، نابێت حكومه‌تی فه‌ره‌نسا و هاوپه‌یمانان گه‌لی کورد له‌ رۆژئاوای كوردستان بەتەنها جێبهێڵێن، ده‌شڵێت، مۆدێلی باكورو رۆژهه‌ڵاتی سوریا نموونه‌یه‌كه‌ بۆ بنیاتنانی سوریا.

سیناتۆر پاسکال ساڤۆلدێلی كه‌ ئه‌ندامی پارتی كۆمۆنیستی فه‌ره‌نسایه‌، له‌  له‌نامه‌یه‌كیدا بۆ ژان نویل بارۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاته‌كه‌ی ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌: "ڕوخانی ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئەسەد هیوایەکە بۆ گەلانی سوریا، ئەم هیوایە لە ساڵی 2011 دەستیپێکردو له‌ ئێستادا لوتکەی شەپۆلێکە کە ئاینده‌ی نادیارە، وەک بەشێک لەم شۆڕشە، کوردانی سوریا زیاتر لە 10 ساڵە پشتگیریی پڕۆژەیەکی سیاسی دەکەن کە پشت دەبەستێت بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی و هەموو کۆمەڵگە پێکەوە بە ئاشتییانە تێیدا دەژین".

روونشیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و مۆدێله‌ی كه‌ (باكورو رۆژهه‌ڵاتی سوریا)دایه‌ دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی سوریایه‌كی نوێی بەرفراوان و دیموکراتیك لەسەر بناغەی دادپەروەری و یەکسانی و مافی هەمو پێکهاتەکان.

ئه‌و سیناتۆره‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌:" هێزەكانی کورد له‌ سوریا بەتایبەت لە ساڵی 2015، کاتێک هێرشی جیهادییەکان بۆسەر خاکی فه‌ره‌نسا دژی گەلی فڕەنسا ئەنجامدران، بوونە هاوپەیمانێکی بەنرخ بۆ فه‌ره‌نسا و هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعش".

سیناتۆر ساڤۆلدێلی داوای لە وەزیری دەرەوەی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌:" حكومه‌تی فه‌ره‌نسا پشتیوانی كورد له‌ سوریا بكات له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی گروپه‌ جیهادییه‌كان و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ توركیا"

 ده‌شپرسێت، "ئایا فه‌ره‌سنا بۆ پشتگیریی لە هاوپەیمانە کوردەکانی و مۆدێلی بەڕێوەبردنیان، ڕێخۆشکردن بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی سیاسی بنیاتنانەوەی سوریادا، بەتایبەت بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی بیانییەکان کە دابەشبوون و گرژییەکان زیاتر دەکەن کە سەرچاوەکەی تورکیایە، هەڵوێستی لە چ ئاستێکدا دەبێت؟".

هۆشداریشیده‌دات كه‌ "مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ناتوانێت مەترسیی کارەساتێکی مرۆیی نوێ پشتگوێ بخات، نابێت فه‌ره‌نسا هاوپەیمانە کوردەکانی بەتەنها جێبهێڵێت".

سیناتۆر پاسکال ساڤۆلدێلی له‌ مانگی 7ی ساڵی رابردوودا :" بۆ دیدار له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان رێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان" داوایه‌كی پیچشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی دادی توركیا كرد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP