عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بە یاوەری لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی راگەیاندن سەردانی کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستانیان کرد .
لەو سەردانەدا لە نزیکەوە عیماد ئەحمەد بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم وەک پڕبینەرترین کەناڵی حزبی لەهەرێم پیرۆزبایی گەرمی لە بەڕێوەبەر و میدیاکارانی گەلی کوردستان و یەکێتی کرد و هیوای خواست ئەم دەستکەوتە ببێتە هاندەرێکی زیاتر بۆ گەشەپێدانی چۆنایەتی لەپەیام و سیاسەتی راگەیاندنی یەکێتیدا .
عیماد ئەحمەد روونیشکردەوە میدیای یەکێتی وەک هەمیشە کە وتوومانە دەبێت میدیاییەکی سەنگین و بەرپرسیاربێت کە بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتییشە کە نابێت بکەوینە ناو کێشمەکێش و ئەو فەوزا میدیایەی هەیە و بە ئەجنداو ئاڕاستەیەکی دیارکراو کاردەکەن بۆ شێواندنی راستییەکان . بۆیە ئەرکمانە زانیاریی و هەواڵەکان دوای وردبینیکردنی و دڵنیابوونەوە لێی بڵاوی بکەینەوە چونکە متمانەی خەڵک و راستی و دیقەت لای راگەیاندنی یەکێتی ئەولەویەتی کارکردمانە ، هەر ئەوەش وایکرد گەلی کوردستان ببێتە پڕبینەرترین کەناڵی حزبی لە هەرێمەکەمان .
لەبەرامبەردا لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن دووپاتی لەپابەندبوون بە بەها پیشەیی و مۆڕاڵییەکان کردەوە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی میدیایی و باسی لە بەرنامەو ئەو گۆڕانکارییانەشکرد کە میدیای یەکێتی هەنگاوی بۆ دەنێت و ، ووتی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و هاووڵاتیانی خۆمان راستگۆین و هەر زانیارییەک لە میدیای یەکێتییە بڵاوبکرێتەوە پشت بەستوودەبێت بە سەرچاوەی ئاشکراو باوەڕپێکراو .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP