تێكۆشەر و كەسایەتیی دیاری دەڤەری كۆیە و دۆستی دێرینی سەرۆك مام جەلال و ئەندامی پێشوتری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی هەڤاڵ (مامۆستا عەلی حەوێز)، بەهۆی نەخۆشیەوە لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.
بەو بۆنە خەمناکەوە چەندین پرسەنامەیە ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین مامۆستا عەلی حەوێز کراوە، کە ئەمە دەقەکانیانە:
سەرۆک بافڵ پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی عەلی حەوێز رادەگەیەنێت
بەڕێزان کەسوکارو بنەماڵەی سەربەرزی مامۆستا عەلی حەوێز
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری کوردایەتی و ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسی هەڤاڵ مامۆستا ( عەلی حەوێز )مان پێگەیشت .
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکارو بنەماڵە سەربەرزەکەیان دەکەم و هاوبەشی ماتەمیانم.
مامۆستا عەلی حەوێز، تێکۆشەری سەرەتاکانی شۆڕشی نوێی و یەکێتی و دۆستی دێرینی سەرۆک مام جەلال و خەباتگێڕێکی هەرە دیاری ریزەکانی کوردایەتی بوو، کە مێژووی پاکی و خەبات و رۆڵی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان بۆ هەمیشە جێگای پێزانین و شانازیمانە.
لەخوای گەورە داواکارین گیانی هەڤاڵی کۆچکردوومان بەبەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و ئارامی بە هەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی
کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین مامۆستا عەلی حەوێز
هەڤاڵانی یەکێتیی و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ماڵئاوایی یەکجارەکی هەڤاڵ عەلی حەوێز ئەندامی هەرە پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانتان پێڕادەگەیەنین.
مامۆستا عەلی سەرکردە و خەباتێگێرێکی دێرینی گەلەکەمان و یەکێتیی و شۆڕشی نوێ و هەڤاڵ و دۆستی نزیکی سەرۆک مام جەلال بوو.
هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵی خەباتی نەتەوایەتی و دیموکراتی گەلەکەمان بوو. لەسەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێشەوە بەوپەڕی لە خۆبردوییەوە وەک پێشمەرگە و خەباتێکڕی نەبەز و سەرکردەیەکی دیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەکەمان لەم کاروانە دوور و درێژەی خەباتی پێشمەرگایەتی و رێکخارەییەدا رۆڵی جوامێرانەی گێڕاوە.
وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی دەڤەری کۆیە و تێکڕای کوردستانیش خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ناو جەماوەر بوو.
بە داخەوە بە هۆی نەخۆشییەوە دوێنێ شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ لە شاری هەوڵێر لە نەخۆشخانە ماڵئاوایی یەکجارەکی لە هەڤاڵان و دۆستانیکرد و گەیشتە کاروانی نەمران.
بەم بۆنەیەوە مەکتەبی سیاسیی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی مامۆستا عەلی حەوێز و هەڤاڵانی یەکێتیی و خزمانی کۆیە دەکات.
لە خوای گەورە داواکارین مامۆستا جێگەی بەهەشتی بەرین بێت.
یاد و بیرەوەری هەمیشە لە دڵ و دەروونی هەڤاڵەکانی ، فەرماندە و تێکۆشەرانی کوردستاندا زیندووە و ناویشی لە تۆماری شۆرشی نوێ و کاروانی خەباتدا درەوشاوە بێت.
نەمری بۆ مامۆستا عەلی حەوێز و گشت شەهیدان و گیانبازانی یەکێتیی و تێکەڕای شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پرسەنامەی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەرو کەسایەتی نیشتمانپەروەری دەڤەری کۆیە مامۆستا “عەلی حەوێز”مان پێگەیشت.
رۆڵ و پێگەی مامۆستا عەلی حەوێز وەک تێکۆشەرە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بۆ خەباتی سەربەخۆیی لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنین.
لەناخی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەو کەسوکاری مامۆستا “عەلی حەوێز” دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
خوای گەورە مامۆستا عەلی بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و سەبرو ئارامی بە خانەوادەو دۆست و هاوخەباتانی ببەخشێت.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ
ئەندامی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP