لەیادی21 ساڵەی کارەساتی یەکی شوبات- دا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:" سەروەری بۆ شەهیدانی ١ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان".
دەقی پەیامەکە:
21 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کارەساتی 1ی شوباتدا، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، لەو رۆژەدا دوژمنانی ئاشتی و پێکەوە ژیان هەوڵیاندا بە تیرۆرو ترساندن خەونی میللەتەکەمان لەبارببەن، لە دوو تەقینەوەی خۆکوژی دڕندانەدا لە شاری هەولێر زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی بێ گوناهی ئەم وڵاتەیان تیرۆرکرد کە لەناویاندا سەرکردەو کادرو ئەندام و پێشمەرگەو هونەرمەندو هاووڵاتی ئاسایی تێیدا شەهیدبوون.
لە کاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە پڕ لە ئازارە دەکەینەوە، هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دژ بە تیرۆر بە هەموو شێوەکانیەوە دووپات دەکەینەوە، چونکە تیرۆر تاوانێکی ترسنۆکانەیە دژ بە مرۆڤایەتی لە هەموو کونجێکی ئەم سەرزەمینە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش دژ بە مرۆڤایەتی، خۆڕاگریی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو کارەساتەو هەموو تیرۆرێک لەبیرنەکراوەو بەڵگەیە لەسەر بەهێزی گەلەکەمان و پابەندبوونمان بە ئازادیی و پێکەوە ژیان.
کارەساتی ١ی شوبات پەیامی دوژمنانی ئاشتی و ئاوەدانی کوردستان بوو کە چەند نیگەرانن بە تەبایی و یەکهەڵوێستی ناوماڵی کورد، پەیامی ئێمە لەم یادەدا ئەوەیە، پێویستمان بە لێک نزیکبوونەوەی سەرجەم لایەنەکانە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان، جگە لە یەکریزی و پێکەوە ژیان، بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر هیچ رێگەی دیکەمان نییە.
سەروەری بۆ شەهیدانی ١ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP