راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە

کوردستان
19:12 - 2025-02-03


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانێکی ڕاستوڕەوانی  هەموو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێکی کوردستانە کە داکۆکی لە مووچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەکەن. هەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی کۆتایی بە سەفەرەکەی لە ئەمەریکا هێنا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری  یەکجارەکی ئەم ئیستحقاقەی  هاوڵاتیان بکات .
وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پێمان  وایە مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران  لە پارێزگای سلێمانیی ، لە پێناو مووچە و قووتی منداڵەکانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە  ویستێکی مەدەنی دادپەروەرانەیە ، چونکە دیاردەی دواکەوتن و دواخستنی مووچە هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت. بەتایبەتی کە بڕیارەکانی دادگای ئیتحادی لە سەر ئیستحقاقی  مووچە روون و ئاشکران  و پێویستە ئەم ئیلتیزامە هاوبەشەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕالی دوور لە دەست شکاندنەوەی سیاسیی جێبەجێبکرێت.
یەکێتیی   وێرای داکۆکی  لەم  داخوازییە مەدەنیانە و پشتیوانی و شانازیی بەم فەزا ئازادییە شایانەی  لە دەڤەرەکە هەیە  تەئکید  دەکاتەوە  خەباتی مەدەنی و داخوازی مامۆستایان داخوازییەکی سەرتاسەری کوردستانی و عێراقییە و پێویستە چارەسەرییەکەشی سەرتاسەری بێت و دەربەستییەکی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی بە دواوە بێت . هەرگیز رەوا نییە کۆمەڵانی خەڵک لە دڵەڕاوکێی هاتن و نەهاتنی ئیستحقاقێکی هاوڵاتێتی ئاساییەدا بە بارمتە وەربگیرێن.
پێویستە ئەم کێشە لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە بە یەکجاری و لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت.

مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣-٢-٢٠٢٥

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP