سەرۆک بافڵ و مەکتەبی سیاسی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامی دەکەن

کوردستان
23:03 - 2025-02-06

سەرۆکی (ی.ن.ک) و مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پیرۆزبایی ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکەن و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، هەمیشە یەکگرتووی ئیسلامی بەشێک بووە لە یەکڕیزیی و یەکخستنی ماڵی کورد.  
بەبۆنەی 31-هەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی (ی.ن.ک) پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محەمەد به‌هائه‌دین، ئەمینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و سەرکردایەتی و لایەنگرانی حزبەکە دەکات و رایدەگەیەنێت لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرمتان ئاڕاستەدەکەین و هیوادارم رۆڵی میانڕەوانەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەپێناو بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەماندا بەردەوام بێت.
راشیدەگەیەنێت لەم دەرفەتەدا بە پێزانینەوە لە رۆڵی یەکگرتوو وەک هێزێکی کاریگەریی گۆڕەپانی سیاسی دەڕوانین و پەرۆشی یەکێتییش بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو سەرخستنی هەنگاوەکان بۆ هێنانە کایەی حکومڕانییەکی درووست و خزمەتگوزار و چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتدەکەمەوە.
‎هەر لەو یادەدا مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک) دوای پیرۆزبایی لە ئەمینداری گشتی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەندام ولایەنگرانی یەکگرتوو رایدەگەیەنێت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا وەک هێزێکی سیاسی میانڕە و ئاشتیخواز لە پرۆسەی سیاسی کوردستاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP