مامۆستا و فەرمانبەرە مانگرتووەکانی سلێمانی دەیانەوێت خێوەتەکەیان بۆ هەولێر بگوازنەوە و میدیا عێراقییەکانیش دەڵێن گواستنەوەی خۆپیشاندان بۆ هەولێر، زۆر زەحمەتە.
ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم) لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کردووە، سەرکوتکردن و رێوشوێنە ئەمنییەکان، رێگری لە بگواستنەوەی خۆپیشاندانی مامۆستا و فەرمانبەران لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر دەکەن.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی هەرێم دەیەوێت ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکان، لە چوارچێوەی سنووری سلێمانیدا بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە کۆنسوڵخانە و ڕێکخراوەکانیشەوە لەوبارەیەوە ئاگادار نەکرێنەوە.
(بەغداد ئەلیەوم) لە زاری سەرچاوەیەکەوە دەڵێت، مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوو نیازیان هەیە هەفتەی داهاتوو، خێمەی مانگرتنەکەیان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر بگوازنەوە، بۆیە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر و دهۆک دەستیان بە جووڵە و چاودێری کردووە تاوەکوو رێگری لە هەر خۆپیشاندانێک بکەن.
ئەمڕۆ مانگرتنی بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە خواردن دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، پێ دەنێتە دەیەمین رۆژییەوە؛ وەک خۆیشیان دەڵێن، تائێستا هیچ وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەیان نەدراوەتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP