قوباد تاڵەبانی پێشوازیکرد لە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی روسیا

کوردستان
20:21 - 2025-02-06



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی روسیا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی دۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆکرا.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە(6/2/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە, قوباد تاڵەبانی جەختی کرد لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رێگریکردن لە زیندووبونەوەی رێکخراو و گروپە تیرۆریستییەکان لە عێراق و سوریا. 

سەبارەت بە دۆخی سوریاش هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە بەشداربن لە بونیادنانی سیستمی سیاسیی نوێی سوریا . جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت پێکهاتەکانی سوریا بە کوردەوە بەشدار بن لە داڕشتنەوەی دەستورێکی نوێ کە تیایدا ماف و ئازادییە سیاسی و کلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو لایەنەکان گەرەنتی بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی روسیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرا. لەمبارەیەوەش جەختکرایەوە لەسەر هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی روسیا لە هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا وەفدی روسیا ئامادەیی خۆیان دەربڕی کە کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان بەردەوام دەبن لە کارکردنی زیاتر لە هەرێم و عێراق.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP