ئه‌مڕۆ بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئازادكردنی 3 بارمته‌ی ئیسرائیلی له به‌رامبه‌ر ئازادكردنی 369 زیندانیی فه‌له‌ستینی ده‌ستپێكرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سته‌یجێكی بۆ نمایشی بارمه‌ته‌كان دروستكردووه كه دروشمی (كۆچكردن ته‌نها به‌ره‌و قودسه) له‌سه‌ر سته‌یجه‌كه هه‌ڵواسیوه، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ پلانه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كۆچپێكردنی خه‌ڵكی غه‌ززه بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی.
له‌چوارچێوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌می ئاگربه‌ست، به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 15 شوباتی 2025، بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس و جیهادی ئیسلامی ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ شه‌شه‌مین پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕیی زیندانییان و بارمته‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌ستپێكرد، وه‌ك به‌شێك له قۆناغی یه‌كه‌می ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له كه‌رتی غه‌ززه.
ئه‌و سێ بارمته‌یه‌ی كه ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه ئازاد ده‌كرێن سه‌رجه‌میان هه‌ڵگری دوو ڕه‌گه‌زنامه‌ن و له 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2023ه‌وه حه‌ماس له غه‌ززه به بارمته‌ی گرتن، ئه‌وانیش بریتین له، (ساشا تروبانۆڤ)ی ئیسرائیلی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ڕوسی، ته‌مه‌ن 29 ساڵ، (ساگی دیكێل هان) به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئیسرائیلی و هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی ته‌مه‌ن 36 ساڵ، (یائیر هۆرن) كه ته‌مه‌نی 46 ساڵه و هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئیسرائیله‌و به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌رجه‌نتینیه.
ئازادكردنی ئه‌و سێ بارمته‌یه، له‌به‌رامبه‌ر 369 ده‌ستگیركراوی فه‌ڵه‌ستینین، كه 36 زیندانیكراویان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه سزای هه‌تا هه‌تاییان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه و 333 فه‌ڵه‌ستینیشیان له‌دوای روداوه‌كانی 7ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2023ه‌وه ده‌ستگیركراون.
هه‌فته‌ی رابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆشداریی دایه حه‌ماس كه ئه‌گه‌ر تا رۆژی شه‌ممه بارمته‌كان ئازاد نه‌كات، ده‌رگای دۆزه‌خیان به‌سه‌ردا ده‌كاته‌وه.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP