كۆسرەت رەسوڵ عەلی: یەكێتی پێشه‌ره‌ویی كۆتاییهێنان به‌ حوكمی دڕندانه‌ترین رژێمی كرد

کوردستان
15:45 - 2025-03-05

كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەساڵیادی راپەڕین و ئازادكردنی كوردستان لە چنگی رژێمی بەعسی داگیركەر، پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: "بە پێشڕەوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتوویی و هێزە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانی و بەشداری راستەوخۆی جەماوەری راپەڕیو كۆتایی بە حوكمی دڕندانەترین رژێمی ناوچەكە هێنرا، لەئێستاشدا ئەركە لەسەر شانی هێزە سیاسییەكان ململانێكانیان وەلا بنێن و لەپێناو ئامانج و ئاواتەكانی گەلەكەمان یەكگرتوو بن".
 
دەقی پەیامەكە: 
پەیامی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ساڵیادی راپەڕین 
ساڵیادی راپەڕین و ئازادكردنی كوردستان لە چنگی رژێمی بەعسی داگیركەر لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر، رێكخستنە نهێنییەكان و شانە چەكدارەكان و تەواوی خەڵكی كوردستان پیرۆز دەكەم، ئومێد دەكەم هەموومان خەبات بكەین لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی راپەڕین و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ترۆپكی خەونەكان.

ئەوێ رۆژێ، كە راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە هەڵگیرسا و مژدەی سەركەوتنی بە تەواوی كوردستان بڵاوبۆوە، بە پێشڕەوی و پێشەنگایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە یەكگرتوویی و یەكدەستی هێزە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانی و بەشداری راستەوخۆی جەماوەری راپەڕیو توانرا لە ماوەیەكی كورتدا كوردستان ئازاد بكرێت و كۆتایی بە حوكمی دڕندانەترین رژێمی ناوچەكە بهێنرێت و بۆ یەكەمجار خەڵكی كوردستان هەناسەی ئازادی هەڵمژن و خوێنی شەهیدان و خەباتی تێكۆشەرانمان بگاتە ئەنجام.

ئەمڕۆ كە یادی ئەم رۆژە مێژوویی و پڕ شكۆیە دەكەینەوە، كوردستان و ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیار تێپەڕ دەبێت، ئەركە لەسەر شانی هێزە سیاسییەكان ململانێكانیان وەلا بنێن و لەپێناو ئامانج و ئاواتەكانی گەلەكەمان یەكگرتوو بن و بەرامبەر خوێنی شەهیدان و خەباتی تێكۆشەرانمان بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن، یەك دەست و یەك هەڵوێست تێبكۆشن لەپێناو ئاواتە وەدینەهاتووەكانی گەلەكەمان و دابینكردنی ژیانێكی شایستەو شەرەفمەندانە بۆ گەلەكەمان.
دووبارە یادی راپەڕین لە تەواوی كوردستانیان پیرۆز دەكەم و سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم ئەو شەهیدانە دادەنوێنین كە لەپێناو ئەم خاك و گەلە خەباتیان كردو خوێنیان بەخشی.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی
٥ی ئازاری ٢٠٢٥


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP