پێنجی ئازار، رۆژی رزگاریی و بەگژداچوونەوەی ستەم

کوردستان
16:15 - 2025-03-05


ئەمڕۆ، 34 ساڵ بەسەر دەستپێکی راپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، رانیە وەک پایتەختی ئازادی و دەروازەی راپەڕین لە مێژووی سەروەرییەکانی میللەتی کورددا خۆی تۆمارکرد و 5-ی ئازاری کردە رۆژی رزگاریی و بە گژداچوونەوەی ستەم، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش وەک ئەندازیاری راپەڕینەکە، بوو بە هەڵگری ئاڵای شانازیی گەل و نیشتمانەکەی.

بەر لە وادە، رانیە رابوو
پلانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ راپەڕین رۆژی 7-3-1991 بوو، بڕیار وابوو ئەو رۆژە راپەڕین لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەرپاببێت، یەکێتی زیاتر لە 300 پێشمەرگەی بۆ چیای کێوەڕەشی رانیە رەوانە کردبوو، بۆئەوەی رۆژی 7-ی ئازار بەسەر بەشێک لە شار و شارۆچکەکاندا دابەشبن و هاوکار و یارمەتیدەری خەڵکی کوردستانبن، بۆ راپەڕین لە دژی رژێمی بەعس، محەمەد بچکۆل پێشمەرگەی یەکێتی و یەکێک لەو پێشمەرگانەی رەوانەی کێوەڕش کرابوو ئەمەی بۆ کوردستانی نوێ وت، باسی لەوەشکرد، بەڵام تینوێتی خەڵکی رانیە بۆ راپەڕین و راماڵینی بەعسییەکان پلانەکەی پێشمەرگەی پێشخست و بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی و رۆژی 5-ی مانگ راپەڕین، حەماسەتی خەڵکی دەڤەرەکە بۆ هەموو کوردستان پەخش بوو، تا دوا جێگەی خاکی کوردستان لە بەعسییەکان پاک نەکرایەوە توڕەیی دانەمرکایەوە.

عەلی نەبی، سیمبولی راپەڕین
شۆڕش عەلی نەبی، کوڕی شەهیدی فەرماندەی یەکێتی و یەکێک لە سیمبولەکانی راپەڕینی رانیە، باس لە ساتی دەستپێکی راپەڕین دەکات، ئەوکاتەی شەهید عەلی نەبی و بەشێک لە هەڤاڵەکانی دێنە نێو شاری رانیە، دروست دەگەنە (مزگەوتی ناجیەخان) وەک یەکەم جێگەی بەرپابوونی شۆڕشێکی مەزن، یەکەم فیشەکی بە گژداچوونەوە لەلایەن عەلی نەبی-یەوە دەتەقێندرێت و وەک یەکەم ئەنجامیش یەکێک لە بەعسییەکان دەکوژن و یەکێکی دیکەش بریندار دەکەن، ئەمە ئەو ساتەیە خەڵکی ئەگەر پێشوتر ترسیشی هەبووبێت، ئیدی رەوییەوە و تێکڕا، گەنج و پیر، کوڕان و کچانی شار وەدەرکەوتن و خرۆشی ئازادی دای لە کە لـلەیان و شۆڕش یەکەم سەرکەوتنی تۆمارکرد، بە وتەی شۆڕش کوڕی شەهیدعەلی نەبی، باوکی و هەڤاڵەکانی ئامانجی پێشوەختەی بەعسییەکان بوون، بە دوایاندا دەگەڕان، دەیانزانی شەهید عەلی، بەڵێی یەکێتی پێیە بۆ راپەڕین، هەست بە جموجۆڵ دەکرا، بەڵام بەر لە دوژمن، ئەوان گورزی کەمەرشکێنی خۆیان وەشاند.

کچان و ژنان، هاوشانی پیاوان راپەڕین
لە راپەڕیندا، هەر بە تەنها پیاوان پێشمەرگەی تێکۆشەر نەبوون، لەگەڵیاندا کچانی لاو، ژنانی خەباتگێڕ هەبوون، رۆڵی ئەوان لەو شۆڕشەدا هیچی لە پیاوان کەمتر نەبوو، گوڵشەن حەمەد ئیبراهیم کە تائێستا کادیری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە و بەردەوامە لە خەبات، بۆ بەدیهاتنی مافی کورد و کوردستان درێغی ناکات، یەکێک بووە لە بەشدارانی کارای راپەڕین، لینکی سەرکردایەتی و رێکخستن و شانە چەکدارەکان بووە، لە گێڕانەوەی بیرەوەری ئەوێ رۆژێ دەڵێت: لەناو رانیە نەبووم، فەرمان لە سەرکردایەتی یەکێتییەوە هات هەر زوو بگەمە رانیە، ئامادەکاری تەواومان کرد، پەیامی سەرکردایەتیم بە رێکخستنەکانی نێوشار گەیاند، هی ئەوانیشم بە شانە چەکدارەکان و لەوانیشەوە بۆ سەرکردایەتی دەگەیاند، پلانی راپەڕین کە 7-ی مانگ بوو، لای هەموو هێزە نهێنی و ئاشکراکان ئەوە رونکرابووەوە، بەڵام حەماسەتی خەڵک پلانەکەی بۆ 5-ی مانگ گۆڕی، دەکرێ ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنی بووبێت بۆ سەرخستنی راپەڕین، لەبەرئەوەی بەعس ئامادە نەبوو، سەری لێشێواو نەیتوانی بە پلانی خۆی بەرپەرچی ئێمە بداتەوە.

نەوەی دوای راپەڕین چۆن لەو مێژووە دەڕوانن؟
راگواز جەبار ساڵێک دوای راپەڕین لەدایکبووە، ئێستا تەمەنی 33 ساڵە سەردەمی رژێمی بەعسی تەنها لە دەمی کەسەکانی بیستووە و لەسەر پەڕی کاغەز خوێندویەتییەوە، بە یادکردنەوەی ئەو رۆژە و کاتێک قسە بۆ کوردستانی نوێ دەکات، حەماسەتێک دەیگرێ وەک ئەوەی خۆی تاڵیی و ئازاری بەعسییەکانی چەشتبێت، هەستی شانازیی بە شارەکەی، بە باوک و کەسە راپەڕیوەکانی بە روونی بە قسەکانییەوە دەبینرێت، هاوکات نیگەرانیشە، نیگەرانیی ئەو بۆ خزمەتی زیاترە، بۆ وڵاتێکی بەختیارترە و دەڵێت: ناکرێت وەڵامی شەهیدانی راپەڕین بە مووچە بڕین، بێکاریی و بێ خزمەتگوزاری بدرێتەوە، ئەم گەلە ماندووە، لە کۆی هەموو ئەو خەبات و مێژووە تێکۆشانەی دەیان و سەدان ساڵە هەوڵی بۆ دەدەین، هەرێمێکی لێهاتووەتە بەرهەم کە بە دڵی زۆرینە نییە، ناکرێت لەو هەرێمەی خۆمان حکومی دەکەین، خەڵک بەو رادەیە نیگەران بێت، یان شارێکی وەک رانیە کە مێژوو شاهێدی قوربانییەتی بەو جۆرە پشتگوێ بخرێت، گەنجەکانی لەبەر بێدەرامەتی و بێکاریی وڵات جێدەهێڵن و رێگەی هات و نەهاتی وڵاتانی ئەوروپا دەگرنەبەر.
راگواز وتیشی: ئێمە وڵاتی خۆمان خۆشدەوێت، شانازیی بە مێژوو و سەروەرییەکانییەوە دەکەین، ئەمەم وەک داواکارییە و رووی دەمم لە بەرپرسانی باڵایە، تکایە ئێوەش وڵاتتان خۆشبوێت، گەلە ماندووەکەیتان خۆشبوێت و بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەفاداربن بەرامبەر بە شەهیدان و کەسوکاریان.

 جێگر خدر - کوردستانی نوێ

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP