لەڕۆژی جیهانیی زمانی دایكدا د. یوسـف گـۆران پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە :
لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دا سڵاو لە رەمزەکانی مانەوە و گەشەپێکردنی زمانە کوردییەکەمان، لە خانی مەزنەوە بۆ حاجی قادری کۆیی و موسا عەنتەر و جگەر خوێن و دەیان و سەدان ڕابەری نەتەوایەتی و کلتورییمان کە بە ماندوبون و روبەڕوبونەوەی داگیرکەرانی کوردستان نەیانهێشت زمانی کوردیمان کە سیمبوڵی مانەوەی نەتەوەییمانە لەناو بچێت.
لە یادمە ئێمەی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان لە کەرکوک ساڵی (۱۹۷۷) کاتێک لە سەرەتایی بە زمانی کوردی دەمانخوێند، حکومەتی لەناوچوی بەعس بۆ جینۆسایدکردنی کلتوری کورد و تەعریبکردنمان زمانی کوردی لێ قەدەغە کردین و پرۆسەی خوێندنی ئێمە بوو بە زمانی عەرەبی!! بۆ ئێمە ئەو کات زۆر زەحمەت بوو، بەڵام سەرباری ئەوە وەک بەرەنگارییەکی نەتەوەیی گەشەمان بە زمانی کوردی دا.
لە ئێستادا گرنگە لە هەموو پارچەکانی کوردستان جەخت لەسەر خوێندنی زمانی کوردی بکرێتەوە، پرۆژەی نەتەوەیی گشتیمان هەبێ بۆ بەستانداردکردنی زمانی کوردی، چ لەروی وتنەوە یان لە ڕووی نوسینەوە، پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەیی ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە ئێستا ئاسان نەبێ، ئەوا بەستانداردکردنی زمانەکەمان پێگەیەگی بەهێز و سەرەکی لە کامڵکردنی پێگەی نەتەوەییمان دێنێتە دی.
سلاو لە مامۆستایانی زمانی کوردی ...
سڵاو لە بەرگریکارانی زمانی دایکمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان و تاراوگە ...
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP