له‌ جێگه‌ی هاوسەرۆکی شارەوانیی وان قەیووم دانرا

کوردستان
10:44 - 2025-02-15


وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگه‌یاندووه‌:" بەهۆی سزادانی لەلایەن دادگاوە، عەبدوڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی وانی لە کارەکەی دوورخسته‌وه‌" 
 
له‌ راگەیەندراوەکەدا هاتووه‌:" ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان وەک قەیووم لە جێگەی زەیدان دانراوە، کە وەزارەتەکە بە بریکاری سەرۆکی شارەوانی ناویدەبات."

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا 11ـ ی ئەم مانگە، دادگای سزا قورسەکانی دیاربەکر، لە دوایین دانیشتندا، بە تۆمەتی هاوکارییكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، سزای سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانیی بەسەر عەبدوڵا زەیداندا سەپاند."

لەدوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئازاری رابردووەوە تاوەکو ئێستا، 11 سەرۆک شارەوانیی دووخراونەتەوە و قەیووم لە جێگەیان دانراوە، کە نۆیان سەر بە دەم پارتی و دووانیان سەر بە جەهەپە بوون.

ئەو شارەوانییانەی دەم  پارتی قەیوومیان لە جێگە دانراوە بریتیین لە جۆلەمێرگ، مێردین، ئێلهـ، دەرسیم، خەلفەتی، ئاکدەنیز، مکس، سێرت و وان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP