رۆژی سێشەممە رێکەوتی ۲٥ی ۲ی ٢٠٢٥ باڵیۆز د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ د. کەوسەر ئەلغەرابی، سەرۆکی دامەزراوەی ئەنکی بۆتوێژینەوە و لێکۆلینەوە لە شاری بەغدا ئیمزاکرد.
لە دیداریکدا باڵیۆز د. محەمەد سابیر باسی لە گرنگی دامەزراوەی ئەنکی کرد و وتی: "دامەزراوەی ئەنکی ناوەندێكی گرنگی رۆشنبیرییە و زانستییە لە عێراقدا و ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ ئەم دامەزراوەیە لەبواری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە".
لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە: "کردنەوەی خولی بەهێزکردن و هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی ئەنکی لەبواری توێژنەوە و لێکۆڵینەوە، پێگەیاندنی کادر، ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ نووسینی توێژینەوەی زانستی کاری هاوبەشمانە".
باڵیۆز د. محەمەد سابیر لەبارەی ئامانجی لێکتێگەیشتنەکەوە وتی: "ئەم لێکتێگەیشتنە بۆ پەرەپێدانی هاوبەشی ستراتیجییە لەنێوان دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی ئەنکی، پشتگیریکردن لە پەرەپێدانی پرۆژە و چالاکییە هاوبەشەکان و کۆکردنەوەی سەرچاوە بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە".
لە بەرامبەریشدا، د. کەوسەر ئەلغەرابی دەڵێت: "مەبەستمانە ئەم لێکتێگەیشتنە لەگەڵ دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ئیمزا بکەین بۆ گواستنەوەی زانیاری، راهێنانی توێژەران، وەرگێڕان، توێژینەوەی هاوبەش و رێکخستنی وۆرک شۆپی پێویست".
لە کۆتایشدا، باڵیۆز د. محەمەد سابیر رایگەیاند:"لە ئاییندەدا بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی ئەنکی دەستدەکەین بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنە و دەیخەینە خزمەت توێژەان و لێکۆڵەرەوان".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP