پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری هەولێر، کە هاوتایە لەگەڵ ساڵیادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠، لەم ڕۆژەدا شاری هەولێر بە پشتیوانی خەڵکە ئازا و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، تاجی سەرکەوتنی ڕاپەرینی کردە سەر لە بەرامبەر ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسیی فاشیزم. بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە کوردستانییانی ئازیز و خەڵکی سەربەرزی شاری هەولێر دەکەم.
لەگەڵ یادی ڕاپەڕین، ٥٥ ساڵیش بە سەر ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ تێپەر دەبێت، کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی دەستکەوتێک بوو بۆ داهاتووی گەلی کوردستان و پێکانی ئامانجەکانی شۆرش، بەڵام دواجار ئامانجی ڕێککەوتنەکە لە باربرا و بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە دوووبارە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراقی ئەوسا ڕووی لە ئاڵۆزیی زیاتر کرد، بەمەش کورد دەسەڵاتی لاواز بوو لە ناوچەکە و هەرەسی شۆڕشی کوردی بەدوا داهات، بەڵام دواجار بە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ خەباتی شۆڕشگێڕی دەستی پێکردەوە، لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورستان و گەیشتن بە خۆری ئازادیی و سەربەخۆیی.
پیرۆزی یادی ڕاپەڕین و خەباتی شۆڕشگێڕیمان، بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەخاتە سەرشانی هەموومان، بە تایبەت بۆ ئەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسیی و ئابوورییەی کە تێیکەوتووین، گرنگە لە ئێستادا بە یەکڕیزیی و کۆدەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هەنگاو بنرێت بۆ قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتووگۆ، لەپێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی کوردستان.
لەم دوو یادە مەزنەدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان دادەنەوێنم. بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ و ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
١١ی ئازاری ٢٠٢٥
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP