گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم بەردەوامە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت:" یەکێتی هاوبەشی راستەقینەی دەوێت لەحکومەتی داهاتوو".
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەردەوامەو گرنگە کاتی زیاتر بدرێت بە گفتوگۆکان لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز".
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ دووپاتشیكردهوه:"یەکێتی نایەوێت لەحکومەتی داهاتوودا تەنها بەشدار بێت، بەڵکو دەمانەوێت هاوبەشی راستەقینە بین لەحکومەت و بەرپرسیاریەتی بارودۆخەکە هەڵبگرین، هەورەها ئامانجیشمانە زوو حکومەت پێکبهێنرێت، چونکە ناوچەکە بەگشتی لەگۆڕانکاریدایە و پێویستە حکومەت و حزبەکان خۆیان بۆ ئەو قۆناغە ئامادەبکەن"
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا یەکێتی و پارتی لیژنەیەکیان بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەت و دەستنیشانکردنی خاڵە جیاوازەکانی نێوان هەردوولا پێکهێنا، دوای چەندین کۆبونەوە بڕیاردرا وەفدە باڵاکەی هەردوولا بڕیار لەسەر کۆی گفتوگۆکان بدەن، کەبەشێوەی رەشنوسێک پێشکەشی سەرۆکایەتی هەردوو وەفدەکەیان کردبوو، لە ئێستاشدا هەردوو وەفدەکە لەگفتوگۆکانیان بۆ رێککەوتن لەسەر خاڵە جیاوازەکان بەردەوامن بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێک.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP