هەزاران کەس دژی دەستگیرکردنی ئیمامئۆغلۆ لە تورکیا رژانە سەر شەقامەکان

جیهان
12:24 - 2025-03-20


دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ، هەزارەها کەس لە ئیستەنبوڵ و چەند شارێکی دیکە رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.
سەرەتا لە ئیستەنبوڵ لە بەردەم بارەگای سەرەکی پۆلیس خۆپیشاندان دەستپێکرد و دواتریش خۆپیشاندەران لە بەردەم بارەگای سەرەکی پارتەکەی ئیمامئۆغلۆ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆبوونەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی تورکیا دروستبوو و پۆلیس هەوڵیداوە خۆپیشاندانەکان کۆتایی پێبهێنێت کە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و حکومەتی وڵاتەکە دروشمیان دەوتەوە.
بڕیاربوو چەند رۆژێکی دیکە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، وەک کاندیدی سەرەکی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دەستنیشانبکرێت، بەڵام دوێنێ بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکرا.
میدیای تورکیا تۆمەتەکانی دژی ئیمامئۆغلۆ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەسەر تۆمەتی ئیدارەدانی گرووپی تاوانکاری و یارمەتیدانی پەکەکە و چەند تۆمەتێکی دیکە دەستگیرکراوە. بەڵام ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن، دەستگیرکردنی ئیمامئۆغلۆ ترسی ئەردۆغانە چونکە گەورەترین رکابەرییەتی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2028.
لە خۆپیشاندانەکاندا چەندین دروشمی تووند دژی ئەردۆغان وترانەوە و خۆپیشاندەران دەیان وت، کۆشکەکەت چۆڵ بکە، ئێمە وا دێین. بەشێکی دیکەش دەیان وت، ئەردۆغان “دیکتاتۆرە” و “سبەی وەک دوێنێ نابێت.
بۆ رێگری زیاتر لە خۆپیشاندانەکان، حکومەتی تورکیا چوار رۆژ قەدەغەی خۆپیشاندانی راگەیاند



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP