ئەمڕۆ 25ی3ی2025 ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كۆدەبێتەوەو ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیش دەڵێت:" لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنەکان هەماهەنگیمان هەیە و مژدەی خۆش بە هەڵەبجەییەکان دەدەین".
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی رايگەیاند: "ئەمرۆ سێ شەممە 25-3-2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوەو بڕگەی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەبێت".
"فراکسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ تێپەراندنی ئەم بڕگەیەو دەنگدان لەسەری هەوڵی تەواوەتی داوەو ئیمزای بۆ كۆكردووەتەوە، بۆیە ئومێدەوارین سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان پشتیوانمانبن" د. بڕیار رەشید وادەڵێت.
راشیگەیاند: "پێشبینی دەكەین دانیشتنەكەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە ئەنجامی باشی هەبێت، چونكە بۆ هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكانەو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هاوڕاو یەكگرتوون لەسەری".
هاوكات چرۆ حەمە شەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی رايگەیاند: "وەك فراكسیۆنی یەكێتی و نوێنەری هەڵەبجە داوامان لەسەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و جێگرەكانی كرد كە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی كارەوەو مژدە بەخەڵكی هەڵەبجە دەدەین هەڵەبجە دەبێتە 19 هەمین پارێزگای عیراق و چوارەمین پارێزگای كوردستان".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP