رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماری لە سێدارەدانی ساڵی 2024ـی بڵاوکردەوە و تیایدا دەردەکەوێت، دوو لەسەر سێی سزاکان لە ئێران جێبەجێکراون و عێراقیش لە ریزی سێیەمی لیستەکەیە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتی ساڵانەی لەبارەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و رایگەیاند پار هەزار و 518 کەس لە جیهاندا لە سێدارە دراون، دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەش لە ئێران لە سێدارە دراون، بەمەش ئێران لە ریزی هەرە پێشەوەی وڵاتانی جیهانە بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایە.
ئەو رێکخراوە نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی سزای لە سێدارەدان لە جیهان خستووەتە روو و دەڵێت ئەمساڵ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بە رێژەی 32٪ زیادی کردووە و لە ساڵی 2015ـەوە هیچ ساڵێک هێندەی 2024 رێژەی لە سێدارەدان ئەوەندە بەرز نەبووە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کردووە چین لە ریزی یەکەمی وڵاتانی جیهانە بۆ جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان، ئەوەی روونکردووەتەوە بەهۆی نا شەفافی و رێگەنەدان بە چالاکیی رێکخراوە مرۆییەکان، ئامارێکی روون و بەرچاو نییە بۆ ئەوەی بزانرێت چەند کەس لەم وڵاتەدا لە سێدارە دراون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP