عیراق کە هەرێمی کوردستانیشی لەخۆگرتووە یەکێکە لەو وڵاتانەی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرەو وەزیری کشتوکاڵی هەرێمیش رایدەگەیەنێت:" بۆ رووبەڕووبونەوەی کەمیی ئاو کار بۆ دروستکردنی چوار بەنداوی ستراتیژی دەکەین".
ئەمڕۆ 8ی4ی2025 کۆنفرانسی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە هەولێر بۆ رووبەڕووبونەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسەکەدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا رایگەیاند:" هەرێمی کوردستان و عیراق کەوتونەتە بەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کاری کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە جیهانییە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەو پەرۆشییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە عیراق نایبینم، کەمتەرخەمییەکانیش وا دەکەن عیراق بەرەو بیابان بوون بڕوات، ئەمەش کار دەکاتە سەر دانیشتوانەکەی و لەدەستدانی ئاسایشی خۆراک، کە لە کۆتاییدا تێکچوونی زۆنی عیراق کاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێت".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لە هەرێمی کوردستان دوو بەنداوی ستراتیژیمان هەیە کە دووکان و دەربەندیخانن و لە %30ی ئاوی عیراق لەو دوو بەنداوەن".
لە کۆتایشدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد:" بەپێی توانا و سەرەڕای قەیرانی دارایی هەنگاومان ناوە، لە دروستکردنی بەنداو کارمان کردووە، دەمانەوێت چوار بەنداوی ستراتیژی لەسەر زێی گەورە و بچووک و خازر دروستبکەین".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP