کۆبوونەوەی وەفدی دەمپارتی لەگەڵ ئەردۆغان کۆتاییهات و ئەندامێکی وەفدەکەش دەڵێت: کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو.
وەفدی دەمپارتی، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا، لەگەڵ
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە و دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا
ئاشکرای کرد کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی، بنیاتنەر، بەرهەمدار و ئومێدبەخش بۆ
داهاتوو بەڕێوەچوو.
دەمپارتی وتووشیەتی وەفدەکە لە قۆناغی داهاتوودا
بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە لە کارەکانیان بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ئۆجەلان بۆ پرۆسەی
ئاشتیی تورکیا بەردەوام دەبن.
ئاماژە بەوەش دەکات: بە شانازییەوە هەموو دانیشتوانی وڵاتەکەمان ئاگادار دەکەینەوە، ئەمڕۆ لە دوێنێ گەشبینیترین بۆ پرۆسەی ئاشتیی تورکیا.
دەم پارتی، باسی لەوەشکرد لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی قۆناغی ئێستای پرۆسەکە کرایەوە و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکەش کرا، جەختیشمان لە هێنانە کایەی قۆناغێکی نوێ کردەوە، کە سیاسەت و دیموکراسی تێدا بەهێز بێت و دوور بێت لە توندوتیژی و ململانێ.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP