قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری بەرگری یۆنان کۆبووەوە

کوردستان
13:31 - 2025-04-11



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە پەراوێزی کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی دێڵفی لەگەڵ  نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگری یۆنان کۆبووەوە و پێکەوە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی هەینی(11/4/2025) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراویی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە ئاستی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری زیاتر بکرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنانیش، جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەردوولا، بە تایبەتیش لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران روونیکردەوە، هەنگاوی زۆر باش نراوە و بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا هەیە، گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن و گەشبینین لە نزیکترین دەرفەتدا دوو لایەن بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP