پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ خەمەوە یادی 37 ساڵەی کارەساتی ئەنفال دەکەینەوە کە یەکێکە لە سامناکترین و دڕندانەترین مەرامەکانی رژێمی پێشووی عیراق بۆ سڕینەوەی گەلی کورد.
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەکەین ئەرکی خۆیان بەرامبەر کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان جێبەجێبکەن و لە هەموو رووەکانەوە قەرەبوویان بکەنەوە، چونکە ئەرکی سەرشانی هەموولایەکە گوێ لە داواکارییە رەواکانیان بگرن و جێبەجێیان بکەن.
ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان دەیکەین تاوەکو ژیانێکی شایستەتریان بۆ دابینبکەین و بەڵێن دەدەین رۆڵەیەکی بە وەفا دەبین بۆیان، چونکە ئازاری ئەوان، ئازاری ئێمەشە.
هەوڵەکانمان لە پرۆسهى گهڕان بهدواى رووفاتى شههيدان و گێڕانهوهيان بۆ نیشتمان بەردەوامە تاوەکو کەمێک برینی قوڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان ساڕێژبێت کە برینی سەر دڵی هەموومانە.
لەم یادە بە ئازارەدا جەخت لە یەکڕیزیی و پێکەوەیی هەموو لایەنەکان دەکەینەوە تاوەکو رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە و بگەینە ئامانجەکانمان کە سەرەکیترینیان خزمەتکردنی هاوڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە.
دروود بۆ رۆحی گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان و سڵاو لە کەسوکارە سەربەرزەکانیان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پەیامی قوباد تاڵەبانی
نیشتمانی ئێمە بە درێژایی مێژوو گەلێک زام و ئازاری بینیوە، هەر رۆژەی لەلایەکەوە زامار بووە، بەڵام هیچ زام و برینێکیان وەک برینی ئەنفال قوڵ و بە ئازار نەبووە. ئەم برینەش ساڕێژ نابێت تا ئەو کاتەی کورد دڵنیا دەبێت کە هەرگیز جارێکی دیکە کۆمەڵکوژ ناکرێتەوە، ساڕێژ نابێت تا ئەو کاتەی روفاتی دواین ئەنفالکراو بە زێدەکەی شاد دەبێتەوە.
تاوانی ئەنفال، هاوئاستی تاوانەکانی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان لە تاوانە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە. هەربۆیە دەبێت نەوە لە دوای نەوە بە یەک بە یەکی چیرۆکەکانی ئەنفال ئاشنا بکرێن، چونکە ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانیتر بەشێکن لە ناسنامەی مێژوویی ئێمە.
لەم یادەدا سڵاودەنێرین بۆ روحی پاکی شەهیدەکانمان و سەری رێزیش لە ئاستی کەسوکاری ئەنفالکراوان دادەنوێنین.
پەیامی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
لە یادی (٣٧)هەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفالی ناوچەی گەرمیاندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنم، سڵاو لە کەسوکار و قوربانییانی سەربەرزی ئەنفال و شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان دەکەم.
هۆکاری ئەنفالکردنی خەڵکی بێتاوانی نـاوچەی گەرمیان، پەیوەستبوونی خەڵکە شۆڕشگێڕەکەی بوو بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە، هەروەها خەڵکەکەی نموونەیەکی باڵا بوون لە ئاست خۆڕاگریی و ئازایەتییەوە، هەمیشە لە بەرامبەر دوژمن قــەلغانێک بوون بۆ بەرگری لە پیرۆزی خاکی کوردستان و بەرپەچدانەوەی هێرش و پەلامارەکانیان، بۆیە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر ئەم پڕۆسە پڕ لە تراژیدیی و نامرۆڤانەیە هاتە ئەنجامدان و لە چەند قۆناغێکی جیاجیادا بە بەرنامەیەکی سەربازیی داڕێژراو ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێتاوانی لە پیر و منداڵ و ئافرەت و پیاوی تێدا هاتە ئەنفالکردن، ئەوەی مایەوەش ڕاپێچی ئۆردوگا زۆرەملێکان کران.
لە قۆناغی ئێستادا ئەوەی گرنگە بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئەنفالکراوان بکرێت، قەرەبووکردنەوەی لایەنی ماددیی و مەعنەوییانە لە لایەن حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، هەروەها پێویستە پڕۆسەی گەڕان بە دوای گۆڕە بە کۆمەڵەکان چڕتر بکرێتەوە و کاری جددی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بە شکۆوە ڕووفاتەکانیان بگەڕێندرێنەوە خاکی پیرۆزی کوردستان و زێدی باب و باپیرانیان، لەپێناو ئاسوودە بوونی دڵ و دەروونی کەسوکارە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان، نیشتیمانیش هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٤/١٤
پەیامی مەكتەبی سیاسی لە یادی 37 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا
سی و حەوت ساڵ لەمەوبەر كوردستان رووبەڕووی دڕندانەترین تاوانی ئەنفال بۆوە ، كە ئامانج لێی جینۆسایدكردنی گەلەکەمان بوو لەسەر زێدی باو و باپیرانی خۆی
ئەم تاوانەی كە بەرامبەر بە خەڵكی بێدیفاعی گوند و دێهاتی كوردستان كرا ئازارێكە بێ کۆتایە لە دڵ و دەروونی هەمواندا و لەبیرچوونەوەی هەرگیز ئاسان نییە كە لە چەند مانگێكی كەمدا 182 هەزار مرۆڤی كورد لە پیر و گەنج و منداڵ لە هەردوو رەگەز بەدرندانەترین شێوە زیندە بەچاڵ كران و دەیان هەزاری تریش روو بەڕووی ژیانی كولەمەرگی ناو ئۆردوگا زۆرەملێكان كرانەوە
لەم یادە پڕ لەسوێیەدا جارێكی تر تەئكیددەكەینەوە ئەركی هەموانە لە هەرێمی كوردستان و عیراقیش هەوڵەكانمان چڕ تر بكەینەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بەو ناوچانەی بە هۆی تاوانی ئەنفالەوە زۆرترین زیانیان پێگەیشتوە و هەروەها ژیانێكی سەربەرزانە بۆ كەسوكاری شەهیدان و بێسەرو شوێن بووەكانی جینۆسایدی میللەتەکەمان دابین بكەین.
لە لایەكی ترەوە بەرپرسیارێتی پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵییشە ئەركە مرۆیی و دەستورییەكانی خۆیان باشتر جێبەجێبكەن بۆ سارێژبوونی یەكجارەكی زامەكانی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال .
درود بۆ شەهیدانی ئەنفال و سڵاو بۆ خۆراگریی كەسوكار و یادگاری شیرینینان
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP