د.کاروان عەلی وەک سەرنووسەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەستبەکاربوو ​ ​ ​

کوردستان
18:59 - 2025-04-14

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی ٤ی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا، لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری و  یاریدەدەرانی لێپرسراوی مەکتەب و ژمارەیەک لە  ئەندامانی مەکتەب و نوسەرو رۆژنامەنووسان، لە رێوڕەسمێکدا، سەرنووسەری نوێی رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەستبەکار بوو.
لەو رێوڕەسمەدا، کە د.عەدالەت عەبدوڵڵا ماڵئاوایی لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ کرد و د.کاروان عەلی، وەک سەرنووسەری نوێ دەستبەکاربوو، عیماد ئەحمەد سوپاس و پێزانینی بۆ د. عەدالەت عەبدوڵا دەربڕی کە لەماوەی یەک ساڵی کارکردنی قەڵەم و بیرێکی زیندووی یەکێتی و کاروانی رۆژنامەوانی بوو و توانی پیشەییانەو بەرپرسیارانە ئەرکەکانی بە ئەمانەتەوە رابپەڕێنێت و گەشەی زیاتر بە رۆژنامەکە بدات، وتیشی: ئەمە جێگای پێزانینمانە و دەرخەری ئەوەیە میدیای یەکێتی لەهەموو سات و قۆناغێکدا لە رێچکە راستەکەی کاری رۆژنامەوانی لاینەداوە و لانادات و بەردەوامیش لەسەر رێبازێکی راست و رەوان پەیامەکانی ئاڕاستەدەکات، بە تایبەت کوردستانی نوێ کە لەم سەردەمی میدیای نوێیەدا پێگەی خۆی لەدەست نەداوەو توانی گوڕوتینێکی تر بە میدیای کاغەزی بدات، بۆیە دڵنیام هەڤاڵ د.کاروان عەلی بەهەمان رۆحیەتی پیشەیی و ئەکادیمی درێژە بەکارەکان دەدات و گەشەی چۆنایەتی زیاتر بە کوردستانی نوێکەمان دەدات.
عیماد ئەحمەد رووی دەمی کردە میدیاکارانی یەکێتی و دووپاتی کردەوە راگەیاندنی یەکێتی سێ ئەرکی لەسەرشانە کە دەبێت جێبەجێی بکەن ئەوانیش راستگۆیی و بەرپرسیارێتی پیشەیی و نیشتمانیی و گەیاندنی زانیارییە وەک خۆی .
هەر لە مەراسیمەکەدا لەتیف نێروەیی ئاماژەی بۆ قۆناغەکانی گەشەکردنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ داو وتی: ئەمڕۆ رۆژنامەیەکی ئازاو ئازادی وەک کوردستانی نوێ جێگای متمانەی هەموولایەکە و دڵنیام رۆژبەڕۆژ باشتر دەچێتە پێشەوەو وەک تاکە سەکۆش بۆ نووسەران لەم سنوورە خزمەتی بەرچاو بە پرسی ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانی دەکات و هەمیشە روپەڕی کوردستانی نوێ بۆ روانییە جیاوازەکان واڵایە .

 

 

 

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP