دوای به پارێزگابوونی ههڵهبجە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی ناساندنی ئەو پارێزگا نوێیە وەک بازنەیەکی سەربەخۆی هەڵبژاردن ئاشکرا کرد.
دوای 12 ساڵ لە دواخستنیی بە هۆکاری جۆراوجۆر، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: پەسەندکردنی هەڵەبجە وەک بازنەیەکی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەو پارێزگا نوێیە هەیە.
بەپیی یاسا دەبێت دەقی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆکی کۆمارەوە پەسەند بکرێت و دواتر لە ڕۆژنامەی رەسمیدا بڵاوبکرێتەوە، دواتر بە فەرمانی سەرۆکایەتیی سنووری ئیداری ئەو پارێزگایە دیاری بکرێت.
ئەم ڕێکارانە دامەزراندنی دەزگای سەربەخۆی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجەی لێدەکەوێتەوە، لەنێویاندا فەرمانگەی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە لەسەر بنەمای دانیشتوانەکەی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP