سەرۆککۆمار پێشوازی له سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی کرد و لە پەیامێکیدا رایگەیاند: "دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە هەنگاوێکی نیشتمانی گرنگە کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی دەوڵەتە بە ڕێزگرتن لە قوربانیان".
د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێ شەممە 15-4-2025 پێشوازی کرد لە هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران و جەختی لەوە کردەوە کە "دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە هەنگاوێکی نیشتمانی گرنگە کە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی دەوڵەتە بە ڕێزگرتن لە قوربانیان و بەرەوپێشبردنی بەهاکانی دادپەروەری".
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا کە "سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی داوە بۆ پەلەکردن لەپەسەندکردنی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لەپێناو دادپەروەری بۆ خەڵکی شارەکە و دڵسۆزی بۆ خوێنی شەهیدان و تەئکیدیشیکردەوە لەسەر پێویستی تەواوکردنی ڕێوشوێنی یاسایی و ئیداری پێویست".
لەکۆبوونەوەکەدا تەئکیدیان لەگرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە لەپێناو پشتیوانیکردن لەڕێڕەوەکانی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە و دەرکردنی یاساکانی پەیوەست بەپێداویستییەکانی هاووڵاتیان.
لای خۆیەوە هەرێم کەمال ئاغا سوپاسگوزاری خۆی بۆ هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن لە پرسی هەڵەبجە و تەئکیدی لەسەر پابەندبوونی فراکسیۆنەکەیان کردەوە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی یەکڕیزی و لێکتێگەیشتنی نیشتمانی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP