وه‌زیری كشتوكاڵی هه‌رێم: بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تای خوێنبەربون ڕێكاری بەپەلە دەگرینەبەر

کوردستان
19:31 - 2025-04-20


وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم "ئاژەڵی هاوردە" کەرەنتینە دەکات و پشکنینی وردیان بۆ دەکات ، وەزیری کشتوکاڵیش ئاشکرایدەکات کە " ئەو رێوشوێنانە بۆ بەرگرتنە لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، کە سەرچاوەکەی ئاژەڵە".

وەزارەتی تەندروستیی عیراق رایگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 14 حاڵەتی تای خوێنەبەربوون تۆمارکراوە و 2 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، کە پارێزگای زیقار لە پلەی یەکەمدایە و 6 کەس توشبوون و لە پارێزگای کەرکوک 4 کەس توشبوون و یەکێک لەو کەسانەی بەتای خوێنەربوون گیانی لەدەستداوە کارمەندێکی تەندروستی بووە لە کەرکوک، چوار توشبوەکەی دیکەش لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، بەسرە و موسەننا بووە".

بێگەرد تاڵەبانی  وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حكومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئەمڕۆ 20/4/2025 ڕایگەیاند:" ڕێكاری بەپەلە دەگرینەبەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تای خوێنبەربون و هەر ئاژەڵێک هاوردەی کوردستان بکرێت لە سنورەكان کەرەنتین دەکرێت و پشکنینی بۆدەکرێت و دواتر رێگە دەدرێت بخرێتە بازاڕەوە".

"لەگەل وەزارەتە پەیوەندارەكان لە هەماهەنگیداین بۆ ڕێگریكردنی هێنانی بەرهەمی ئەو پارێزگایانەی عێراق كە پەتاكەی تێدا بڵاوبوەتەوە"، وەزیری کشتوکاڵ وادەڵێت.

سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵەوەیە و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی عیراقیش کە لەبارەی ئەو 14 توشبوەوە بڵاویکردۆتەوە ئاشکرایکرد، کە سەرجەم ئەو کەسانە مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە و زۆربەیان ئاژەڵداربوون.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حكومەتی هەرێم  رایگەیاند :" لەگەڵ عێراق هیچ ڕێگریی  و سانسۆرێك نییە بۆ گواستنەوە خۆراك و پێداویستیەكانی دیكە بە تایبەت گۆشت، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ ڕێكاری پێویستی گرتوەتەبەر بەرامبەر ئەو شمەكانەی كە لەو ناوچانەی عێراقەوە دێن كە تای خوێنبەربونیان تێدا بڵاوبوەتەوە".

"لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا ڕێكاریی بەپەلە دەگرنەبەر بۆ دابینكردنی پێداویستی بە مەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی ئەو پەتایە و ڕێگریكردن لە هێنانە ناوەی بەرهەم لەو پارێزگایانەی عێراق كە نەخۆشیەكەی تێدا بڵاوبوەتەوە" بێگەرد تاڵەبانی وایوت..

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP