لەدوای جەژنی رەمەزانەوە، بەردەوام نرخی دۆلار بەرەو دابەزین رۆیشتووە و ئەمرۆش لەگەڵ داخستنی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی هاتە خوار ١٤٢ هەزار دینارە، ئەمەش دوای ماوەیەکی درێژ دێت لە بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، پێشبینیش دەکرێت دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت .
ئابوریناسانیش چەند فاکتەرێک بەهۆکاری ئەو دابەزینە دەزانن، کە بریتیین لە زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار و کەمبونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرەکی و بازرگانی نایاسایی بەتایبەتی لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا.
پێش جەژنی ڕەمەزان نرخی ١٠٠ دۆلار لە دەوروبەری 150 هەزار دیناری عیراقی جێگیر ببوو. لە مانگی ڕەمەزانیشدا نرخی دۆلار تاڕادەیەک جێگیر بوو لە دەوروبەری ١٤٧ هەزار، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی مانگی نیساندا، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەڕی گومرگی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، نرخی دۆلار لە عێراق و جیهان بە خێرایی دابەزیوە .
ئابووریناسانیش هۆکاری جۆراوجۆر بۆ دابەزینی نرخی دۆلار دەخەنەڕوو، مەنار ئەلعوبەیدی توێژەری ئابوورییە و لە ڕوونکردنەوەیەکدا چەند هۆکارێکی بۆ ئەو دابەزینە خستوتەروو، لەوانەش دابەزینی خواست و داواکاری بۆ دۆلار کە وەبەرهێنەران زیاتر خواستیان لەسەر زێڕ و کانزایە.
هۆکارێکی دیکەش دەسکەوتنی دۆلارە لە سەرچاوەی غەیرە نەوتەوە، لە دەرەوەی عێراق بەتایبەتی لە وەبەرهێنانی بیانی و حەواڵەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لە ناوخۆی عێراقدا کاردەکەن. ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دابینکردنی دۆلار.
هۆکارێکی تر، بۆ بەرزبونەوەی بەهای دیناری عیراقی، دابەزینی ڕێژەی پارەی نەختینەیی عیراقییە کە بانکی ناوەندی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 6 ترلیۆن دیناری خستوەتەبازاڕ بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە، ئەمەش فشاری دابەزینی لەسەر دۆلار دروستکردوە .
هەروەها، کەمبوونەوەی هاوردە و بازرگانی دەرەکی هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دۆلارە بەرامبەر دینار، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانیش بۆ بەدەستخستنی دۆلار بە نرخی رەسمی حکومەت، کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە ١٣٢ هەزار دینار دابین دەکرێت، وایکردوە بڕی زیاتری دۆلار بخرێتە بازارەکانی عیراقەوە.
هاوکات، کاریگەری هەلومەرجی ناوچەکەش هۆکارە، تێکچوونی باری ئابووری ئێران و سوریا لە چەند مانگی رابردوودا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراق و ئەو وڵاتانەی کەمکردۆتەوە، دەرئەنجام کاریگەری خستوتەسەر خواست بۆ دۆلار .
فرۆشتنی نەوتی قاچاخ و سپیکردنەوەی پارەش رۆڵی هەبووە لە کەمبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، دابەزینی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نایاسایی بەتایبەتی بە ماددە هۆشبەر و هاوشێوەکانی، وایکردوە خواست لەسەر دۆلاریش کەم بکاتەوە کە بەشی زۆری ئەو بازرگانییە لەگەڵ سوریا و گروپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامدەدرا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP