وەزیری کشتوکاڵ: ئەمساڵ باشترین بنەتۆومان بەرهەمهێناوە

ئابوری
19:41 - 2025-05-11


وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو جۆرە تۆوانەی بەرهەمهێناوە، کە بەرگەگرتنیان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەیە، وەزیری کشتوکاڵ-یش رایدەگەیەنێت: "ئەمساڵ باشترین بنەتۆومان بەرهەمهێناوە و جوتیاران دەتوانن لە بازاڕدا بیکڕین".

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ بە هەمەهانگی لەگەڵ کەرتی تایبەت 10 هەزار تۆن بنەتۆوی گەنمی جوتیاران لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە نرخێکی پاڵپشتی وەردەگرێتەوە، کە %60ی وەزارەت پارەکەی دەدات، کە ئەم نرخە پاڵپشتییەکی باشە بۆ ئەو جوتیارانەی بنەتۆویان لە وەزارەت وەردەگرن".

راشیگەیاند: "لەسەر ئاستی دوو پلە دەتوانین بڕی بنەتۆوی گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتی وەربگرینەوە، کە پلەی باوەڕپێکراوی بنەتۆو بە 860 هەزار دینار دەبێت، هەروەها بۆ پلەی تۆمارکراوی بنەتۆو، 885هەزار دینار دەبێت".

سەبارەت بە فرۆشتنەوەی بنەتۆوی گەنم ئاماژەی بەئەوەدا: "لە نێوان رۆژانی 1 بۆ 15ی مانگی 10 ی ئەمساڵ بنەتۆو بە جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەدەین، کە وەزارەتی کشتوکاڵ بەهاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت سەرپەرشتی بەرهەم هێنانەکەی دەکات".

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راشیگەیاند: "وەزارەتەکەمان پلانی زیاترکردنی رێژەی بنەتۆوی داناوە، بۆئەوەی پێویست نەکات بنەتۆو لەدەرەوەی کوردستان هاوردە بکات".

لە کۆتایدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند: "ئەو بنەتۆوەی لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت بەرهەمهێنراوە، جۆرێکە کە بەرگەی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا دەگرێت و لە خاکی کوردستان بەرهەم هاتووە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP