پڕۆسەی ئامادەكردن و پاكردنەوەی بنەتۆو و تەرزە كشتوكاڵییەكان، لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمەوە بەردەوامەو لەلایەن كۆمپانیاكانی قەیوان و خۆشناوەوە، بڕی 10 هەزار تۆن لە بنەتۆوی تەرزە خۆماڵییە سەركەوتووەكان كڕدراونەتەوە.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: "لە ئەنجامی كۆبونەوەی هاوبەشی تایبەت بە بەرهەمهێنانی بنەتۆوی گەنم كە بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و ئامادەبوونی نوێنەری هەردوو كۆمپانیای قەیوان و خۆشناو و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوی رێنمایی كشتوكاڵی و بەڕێوەبەرانی بنەتۆو لە پارێزگاكان بڕیار درا بە كڕینەوەی بڕی 10 هەزار تۆن لە بنەتۆوی تەرزە خۆماڵییە سەركەوتووەكان كە بەرگری باشیان بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و وشكە ساڵی هەیە و سەرجەمیان لە بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەكان بەرهەم هاتوون و سەركەوتوو بوون".
راشیگەیاندووە: "پاش راگەیاندنی جێبەجێكردنی پڕۆسەی كڕینەوەی بنەتۆو لە لایەن وەزیری كشتوكاڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئاماژە پێكراو، دەستكرا بە كڕینەوەی لە جوتیاران بەنرخی پاڵپشتی بە دیاری كردنی 860 هەزار دینار، بۆ بنەتۆوی پلەی باوەڕپێكراو وە 885 هەزار دینار بۆ پلەی تۆماركراو بۆ بەرهەمی كێڵگەی ئەو جوتیارانەی كێڵگەكانیان لە پشكنینی كێڵگەیی پەسەندكران".
ئاماژەی بەوەشداوە: "لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بەشی بەرهەمهێنان و پەسندكردنی تۆو بڕی چوار هەزار تۆن بنەتۆوی لە جوتیاران كڕییەوە و لە ئێستادا دەستكراوە بە پاككردن و دەرمان كردن و لەكیس كردنی، بە ئامانجی ئامادەكردنی بنەتۆوێكی پاكی پەسند كراو بۆ وەرزی چاندن كە بەنرخی پاڵپشتی دابەش بكرێت بەسەر جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP