شاره‌زاییه‌كی بواری نه‌وت: عیراق شه‌ڕ‌ی ئیراده‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كات نه‌ك شه‌ڕی پاره‌

ئابوری
17:13 - 2025-07-08


حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی و شاره‌زایه‌كی بواری گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و گازیش رایده‌گه‌یه‌نێت:" هه‌رێم و عیراق به‌چاودێری ئه‌مریكا له‌یه‌ك نـزیكبوونه‌ته‌وه‌، عیراقیش زیاتر به‌دوای ئیراده‌و سه‌روه‌ری بوونی خۆی به‌سه‌ر نه‌وتی هه‌رێمدا ده‌گه‌ڕ‌ێت".

رێبوار محه‌مه‌د ئه‌مین خاوه‌نی بڕ‌وانامه‌ی ماسته‌ر له‌ گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و گاز، به‌ وێبسایتی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندووه‌:"ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئارادایه‌، به‌ چاودێری ئه‌مریكایه‌، چونكه‌ حكومه‌تی عیراق نایه‌وێت به‌ ئاسانی رێكبكه‌وێت، ناشیه‌وێت هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نایه‌وێت بچێته‌ ژێر مه‌رجی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌روه‌ها دوورییه‌ك له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیاكان هه‌یه‌، بۆیه‌ چاودێری ئه‌مریكا و هه‌ڕ‌ه‌شه‌كانی له‌سه‌ر عیراق، هۆكاری نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌رێم و عیراقه‌".

حکومەتی عیراق و هەرێم لەسەر بری بەکارهێنانی ناوخۆ ناکۆکن
" هه‌رێمی كوردستان دوو ساڵی دیكه‌ی پێویسته‌ تابتوانێت 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات، به‌ڵام له‌ئێستادا توانای به‌رهه‌مهێنانی 300 هه‌زار به‌رمیلی هه‌یه‌، عیراقیش ده‌یه‌وێت نزیكه‌ی 48 هه‌زار به‌رمیل وه‌ك به‌كارهێنانی ناوخۆیی بۆ هه‌رێم بمێنێته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمیش داوای 68 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ بۆ پێداویستی ناوخۆ ده‌كات"، رێبوار محه‌مه‌د ئه‌مین وایوت.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا نه‌وت هه‌مووی راده‌ست بكرێت یان به‌شێكی لای هه‌رێم بمێنێته‌وه‌، كامیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانه‌، ئه‌و شاره‌زایه‌ی گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و گاز رایگه‌یاند:" بۆ خه‌ڵك باشتره‌ هه‌مووی راده‌ستی عیراق بكرێت، چونكه‌ ئه‌و كات هه‌رێمی كوردستان وه‌ك بودجه‌ی به‌كاربردن و وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدان و مووچه‌ قازانج ده‌كات، هه‌روه‌ها خه‌ڵك سودمه‌ند ده‌بێت له‌ هه‌موو به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی عیراق وه‌ك به‌نزین و گازوائیل و نه‌وتی سپی به‌نرخی پاڵپشتیكراوی عیراق، ئه‌مه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌ستكه‌وتێكه‌".

حکومەتی عیراق بەدوای سەروەریی نەوتەوەیە

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:" حكومه‌تی عیراق ئه‌وه‌نده‌ی شه‌ڕ‌ی سه‌روه‌ری و ئیراده‌ ده‌كات، هێنده‌ شه‌ڕی پاره‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم ناكات، ده‌توانێت نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بفرۆشێته‌وه‌ و قه‌رزی كۆمپانیاكانی پێده‌داته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و زیاتر مه‌به‌ستییه‌تی ئه‌و كه‌یسه‌ له‌به‌رده‌ستی خۆیدا بێت و له‌رێگه‌ی سۆمۆوه‌ نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده‌ بكرێت".

له‌ كۆتایشدا، رێبوار محه‌مه‌د ئه‌مین خاوه‌نی بڕ‌وانامه‌ی ماسته‌ر له‌ گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و گاز رایگه‌یاند:" نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئێستا بارمته‌ی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانه‌، چونكه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كاندا بڕ‌گه‌یه‌ك هه‌یه‌ پێی ده‌وترێت به‌ بارمته‌گرتن، به‌پێی ئه‌م بڕ‌گه‌یه‌ هه‌ركاتێك هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانی قازانج و قه‌رز و بڕ‌ی تێچوونه‌كان بدات به‌ كۆمپانیاكان، ئه‌وه‌ كۆمپانیاكان نه‌وته‌كه‌ له‌ ژێر زه‌ویدا وه‌ك بارمته‌ ده‌ستبه‌سه‌رداده‌گرن، بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم جه‌خت له‌جێبه‌جێكردنی مه‌رجی كۆمپانیاكان ده‌كاته‌وه‌".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP