ئەمساڵ رێژەی بارانبارین لە عیراق و هەرێمی كوردستان وەك پێویست نەبوو، مەترسیی وشكەساڵی و كەمئاوی لەبەردەم دەرگای عیراقدایە و بەغدا ناچار دەكات لە دەرگای دراوسێكانی بدات و مەلەفی ئاو و رێژەی بەردانەوەی سەرچاوەكانیان لەگەڵدا باس بكات، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاویش ئاشكرایدەكات: "بۆ مەلەفی ئاو وەفدێكی باڵا بە وەڵامی ئەرێنیەوە لە ئەنقەرە گەڕاوەتەوە و بڕیاریشە سەردانی تاران بكات".
سەرباری وشكەساڵێ و بێبارانی، هێشتا رێژەی بەفیڕۆدانی ئاو لە عیراق لەسەر ئاستی جیهان زۆر بەرزە، بەجۆرێك لە هەندیك ناوچە 700 لیتر ئاو لە رۆژێكدا بەكاردێت.
غەزوان عەبدولئەمیر سەهلانی بەڕێوەبەری دەستەی كارپێكردنی پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق رایدەگەیەنێت: "دۆخی ئاوی عەمباركراو مەترسیدارەو هاووڵاتییان لە عیراقیش لە بەفیڕۆدانی ئاودا لەسەر ئاستی جیهان بەرزترین رێژەیان تۆماركردووە، بۆیە ئاوی عەنباركراوی ئەمساڵ بەراورد بە 2024 و ساڵانی رابردوو مەترسیدارە".
"رێژەی بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە لەتەواوی عیراقدا ئێجگار بەرزە و رێژەی بەكارهێنانی ئاسایی رۆژانە تێدەپەڕێنێت، كە رۆژانەی هەر تاكێك بۆ ناوچە گوندنشینەكان 135 لیترە، بۆ قەزا و ناحیەكانیش 200 لیترە، بۆ ناوەندی شارەكان دەگاتە 240 لیتر، بەڵام لە هەندێك شوێنی عیراق بەكارهێنانی ئاو بەرزترین رێژەی ستانداردی جیهانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە 700 لیتر لە رۆژێكدا" غەزوان سەهلانی وادەڵێت.
لەماوەی رابردوودا وەفێكی باڵای وەزارەتی سەرچاوەكانی عیراق بە مەلەفی ئاوەوە سەردانی ئەنقەرەی كرد، بڕیاشە هەمان مەلەف بباتە تاران.
عەون زیاب وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق دەڵێت: "ئەنقەرە وەڵامی ئەرێنی وەفدەكەی داوەتە بۆ دابینكردنی ئاو بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵ و چاوەڕوانین بەڵێنەكانیان ببەنەسەر، بەمنزیكانەش بۆهەمان مەلەف پەیوەندی راستەخۆ بە تارانەوە دەكەین".
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق وتی:" وەفدەكە داوا لە ئێران دەكات ئاوی رووباری كارون بەربدەنەوە، هەرچەندە ئێستا لە ئێرانەوە بەتایبەت لە رووباری سیروانەوە بڕێكی باشی ئاو دێت كە سەرچاوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانە" .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP