عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات هاوردەکردنی ئاژەڵ لە تورکیاوه قەدەغە بکات تا رێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تەبەق بکرێت.
سامر حەبیب خەفاجی بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، لە تورکیا نەخۆشیی تەبەق بڵاوبووەتەوە، تەواوی بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ داخراون، پێویستە هەرێمی کوردستان ئاگاداربکرێتەوە رێگە نەدات ئاژەڵ و بەرهەمەکانی لە تورکیاوە بێتە عێراق، ئەو بارهەڵگرانەشی دێنە عێراق بە دژەڤایرۆس پاکژبکرێنەوە.
ڤێتێرنەری کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە ئاگادارکراونەتەوە چاودێریی لەسەر ئەو ئاژەڵانەی لە هەرێمەوە دەچنە ناوچەکانیان، چڕبکەنەوە.
لای خۆیەوە فەرەیدون حەمەد بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان راگەیاند: تا ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە نووسراوی رەسمی ئاگادار نەکراونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ گرتنەبەری رێوشوێینی پێویست و هەماهەنگی لەگەڵ عێراق کۆدەبنەوە.
ئاماژەی بۆئەوەشكرد، ئەو ئاژەڵانەی دێنە هەرێم بۆ ماوەی سێ رۆژ کەرەنتینە دەکرێن و دووبارە پشکنینیان بۆ دەکرێتەوە، ئەگەر هەر ئاژەڵێک نیشانەی نەخۆشیی تێدا بێت رێگە نادرێت ببرێتە شارەکان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP