حكومه‌تی هه‌رێم نرخی كاره‌بای دیاریكرد

ئابوری
15:56 - 2025-05-14



نرخی  كارەبا لە پڕۆژەی رووناكی لە 72 دینارەوە بۆ 350 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك دیاریكراو وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش رایدەگەیەنێت: "80%ی هاووڵاتییان بە پارەیەكی كەمتر لە جاران كارەبای 24 سەعاتیان دەستدەكەوێت".

دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لیژنەیەكی باڵا چاودێری پڕۆژەی رووناكی دەكات و هەوڵدەدەین تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ سەنتەری سەرجەم شارەكان پڕۆژەی رووناكی-یان پێبگات، هاوكات لە سێ مانگی یەكەمدا حكومەت بە رێژەی 15% و 25% و 50% پاڵپشتی كرێی كارەبا دەكات بۆ ئەوەی هاووڵاتییان خۆیانی لەگەڵدا رابهێنن و بە پێی پێویست كارەبا بەكاربهێنن".

راشیگەیاند: "لە پڕۆژەكەدا رەچاوی باری دارایی خەڵك كراوە و بەشێوەیەكی گشتی 80% ی ئەو كەسانەی لە پڕۆژەی رووناكیدا بەشدار دەبن پارەی كارەبایان كەمتر بۆ دێتەوە لەچاو ئەو پارەیەی كە ئێستا دەیدەن بەكارەبا".

وتیشی: "بەپێی زانیارییەكان، نرخی كارەبای 24 سەعاتی بە پێنج قۆناغ دیاریكراوە، ئەگەر ماڵێك مانگانە تا 400 كیلۆوات كارەبا بەكاربهێنێت، نرخەكەی بە 72 دینار دیاریكراوە بۆ هەر كیلۆواتێك، ئەگەر 400 بۆ 800 كیلۆوات بەكاربهێنێت دەبێتە 108 دینار".

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو: "لە 800 بۆ 1200 كیلۆوات بە 175 دینار دیاریكراوە و ئەگەر هەر ماڵیكیش 1200 بۆ 1600 كیلۆوات بەكاربهێنێت دەبێت 265 دینار بدات بۆ هەر كیلۆواتێك، هاوكات هەر ماڵێك 1600 كیلۆوات تێپەڕینێت، نرخی هەر كیلۆواتێك دەبێتە 350 دینار".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP