یەكێتی مامۆستایان: داوای قەرەبووكردنەوەی 59 مووچەی پاشەكەوتكراو ده‌كات

کوردستان
20:55 - 2025-05-14


یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەبۆنەی یادی 63 ساڵەی دامەزراندنییەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: "لە قوربانیدان و چالاكیدا هەمیشە پێشەنگ بووین و سەرخستنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و پارێزگاری كردن لە مافی مامۆستایان ئامانجمان بووە، ئێستاش سڵ لە داكۆكیكردن لە داواكارییە رەواكانمان ناكەینەوە و داوای گرنگیدانی دارایی بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و چارەسەر كردنی كێشەی هات و نەهاتی مووچە بەشێوەیەكی بنەڕەتی و گێڕانەوەی پلەبەرزكردنەوە دەكەین".

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەبەیاننامەكەیدا، داوای قەرەبوو كردنەوەی ئەو 59 مووچە پاشەكەوتكراو و وەرنەگیراوە دەكاتەوە و داواشدەكات گرنگی زیاتر بەخوێندن لەناوچە كێشە لەسەرەكان و مامۆستایانی گرێبەست  بدرێت.

هاوكات مامۆستا و پەروەردەكار عەبدولواحید محەمەد لەوتارێكیدا كە لە بەشی وتار لة (kirkuktv.net) دا بڵاوكراوەتەوە، لە یادی 63 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستاندا نووسیوێتی: "یادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایان، هەنگاونان بەرەو باشترین چارەسەر، بەڵام هێشتا زۆری ماوە لە كوردستان فێربوونی باش بۆهەموان بەرجەستە بێت، كێشەكەش لەوەدایە بڕیار هەیە، بەرنامە هەیە، ئیمكانیات هەبووە، بەڵام بڕیاری سیاسی نەبووە، بەواتایەكی تر هێشتا پەروەردە و فێركردن تێكەڵاوی كۆمەڵێك ئەجێندا كراوە و دەكرێت كە دەبێت ئەو پڕۆسەیە بۆ هەموان و بۆ ئایندە بێت".

دەشڵێت: "حكومەت هەرگیز رێكخراوی مامۆستایانی وەك هاوبەش هەژمار نەكردووە، ئەگەر زۆری بۆ نەهاتبێت دایەلۆگی لەگەڵدا نەكردووە ئەوەش یەك لە ئەدگارە هەر خراپەكانە، بۆیە پڕۆسەی پەروەردە هەرگیز بەشاڕێگەی خۆیدا نەڕۆیشتەوە و بەردەوام گیروگاز لەسەر پڕۆگرام، راهێنان، سەرپەرشتیكردن، كارگێڕایەتی، ئەزمونەكان، رێنماییە زۆر و بۆر و هەمە جۆرەكان هەبووە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP