جێگری سەرۆکی یەکێتی: خاوەنی راستەقینەی یەکێتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانن

کوردستان
21:08 - 2025-05-14

رفعەت عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ 14ی5ی2025  لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی لەگەڵ مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.

لەدەستپێکی دیدارەکەدا بڵێسە جەبار فەرمان لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدان پوختەیەک لەکارو چالاکیەکانی مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەرانی خستەڕوو، پاشان جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ستایشی رۆڵی بڵێسەو هەڤاڵانی مەکتەبی کرد، کار و چالاکی و خزمەتەکانیان بەکەسوکاری شەهیدان بەپێزانینەوە هەڵسەنگاند.

لەمیانی کۆبونەوەکەدا رفعەت عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ گەورەیی و شکۆداری شەهیدان کردو رایگەیاند: "یەکێتی لەمێژوودا شۆرەتی حزبی شەهیدانی بەباڵادا بڕاوە و بستێکی کوردستان نەماوە بەخوێنی شەهیدەکانی یەکێتی سور نەبووبێت".

 هەر لەوبارەیەوە وتی:"خاوەنی راستەقینەی یەکێتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانن و سەرۆک مام جەلال وای فێرکردووین هەمیشە لەخزمەت کەسوکارو نەوەی شەهیداندابین".

هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا جەختی کردەوە، وەک یەکێتی ئەولەویەتی کارەکانمان هەمیشە خزمەت کردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانە و لەوبارەیەوە وتی:"بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکانیشمان دڵنیان، کە یەکێتی هەمیشە قەڵاو پەناگەیانە".

بەشێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بوو بەچوارچێوەی رێوشوێنەكانی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان، جێگری سەرۆکی یەکێتی باسی لەوەکرد کە زەرووریەتی قۆناغەکە داوای ئەوەمان لێدەکات بەجدی پێداچوونەوە بەکۆی ژیانی حزبایەتیماندا بکەین و چارەسەری ریشەیی هەڵەکانی پێشوو بکەین.

جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەفعەت عەبدڵڵا وتیشی: "گۆڕانکارییە خێراکان پێمان دەڵێن ئەگەر خۆمان و حزبەکەمان ڕێک نەخەینەوە، ناتوانین حزبی ئایندەبین".


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP