سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، پێشنیازکراوە پێش جەژن مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەی قەرز بدرێتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران راشیگەیاند، پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کاتیی مووچەی مووچەخۆران کراوە و دوو پێشنیاز لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە خراوەتە بەردەم هەرێمی کوردستان، ئەوانیش بەشێوەی قەرز ئیمزا لەسەر لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆران دەکات، بەڵام پێویستە لیژنەی باڵا لەنێوان هەردوولا پێکبهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و داهاتەکان، تاوەکو گرفت بۆ مانگەکانی دواتر دروست نەبێت.
سەرچاوەکە، جەختی لەوەشکردەوە، تاوەکو ئێستا بە رەسمی وەڵامی ئەو پێشنیازە نەدراوەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێککەوتنی سەرەتای شوباتی ئەمساڵ، کە لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان ئیمزا کراوە مامەڵە دەکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی رێککەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق، پێویستە بەغدا بڕی 13 تریلیۆن دینار بۆ 2025 رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، کە تاوەکو ئێستا تەنیا چوار تریلیۆن دیناری بۆ چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ رەوانە کردوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP