په‌رله‌مانتار نەرمین مەعروف: ئەم چوار مانگەی هەرێم پارەی وەرگرتووە لەسەر بودجەی پار بووە

ئابوری
20:05 - 2025-06-03



د. نەرمین مەعروف رایدەگەیەنێت، بڕیاری راگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، چاوەڕوان نەکراو بوو.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەم چوار مانگەی هەرێم پارەی وەرگرتووە، لەسەر بودجەی پار بووە، کە نزیکەی 11 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێم تەرخانکراوە و هیچ کێشەیەکی یاسایی تێدا نەبووە.

وتیشی، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبوومەتەوە و رایگەیاندووە، هەرێم پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەبووە، داهاتی رادەست نەکردووە و پشکی هەرێم کۆتاییهاتووە، بەڵام بە وتەی نەرمین مەعروف، ئەم پاساوانە بنەمای ژمێریاری و یاسایی نییە و بابەتەکە سیاسییە  .

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێم پێچەوانەی دەستووری عێراق و بڕیاری دادگای فیدراڵییە .

نەرمین مەعرووف روونیشیکردەوە لە خاڵی حەوتەمی ماددەی 13ـی یاسای بودجەدا هاتووە، ئەگەر هەر ناکۆکییەک دروستبوو لەنێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی ماف و پابەندییەکان، پێویستە لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا پێکبهێندرێت و لە ماوەی 30 رۆژدا، پێشنیازی خۆیان بۆ چارەسەر بخەنەڕوو، بەڵام حکومەتی عێراق ئەمەی نەکردووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP