ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ بڕینی مووچه‌ نامەیەك ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ده‌كات

کوردستان
18:55 - 2025-06-04


ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: "بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی كوردستان نادەستووریی و نایاساییە و سزادانی بە كۆمەڵی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە"، هاوكات ئەنجومەنەكە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ پێشینەی هاوسەرگیری بۆ كوڕ و كچی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەركرد.
 
ئەمڕۆ 4-6-2025، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبووەوە و بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە بەدواداچوونی ئەنجومەنەكە بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و  ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی كوردستانی بە نا دەستووریی و نایاسایی لە قەڵەمدا و داوای كرد ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵدا بكاتەوە لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەكانی خۆیان و كار بە دوا رێككەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم بكرێت".

 هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا نامەیەكی رەسمی ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتان بكرێت كە تێیدا لایەنە دەستووریی و یاسایی و داراییەكان روونبكرێنەوە و داوای هاوئاهەنگیی و پشتیوانیی چارەسەر كردنی گرفتی مووچەی هەرێم بكرێت لە چوارچێوەی دەستوور.

هاوكات بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كە پێشنیاریان كردووە لێخۆشبوون بۆ كوڕو كچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی بكرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی كە سوودمەند نەبوون لە منحە و دیاریی هاوسەرگیریی و ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر پێشنیارەكە دا.

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا لە رۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 رۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت و رۆژی سێ شەممە 2025/6/10 دەوامی رەسمی دەستپێدەكاتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP