ئەمڕۆ لای شیعەکانی عیراق و ژمارەیەک وڵاتی دیکە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە

عێراق
21:46 - 2025-06-07

ئەمڕۆ بۆ شیعەکان لە عێراق و ژمارەیەک وڵاتی ئیسلامی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ نوێژی جەژن ئەنجامدرا.
جیاواز لە ساڵانی رابردوو بۆ ئەمساڵ شیعەکانی عێراق و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی لە دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، شوێن سعودیە و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی نەکەوتن و ئەمڕۆ شەممە 7ی حوزەیرانیان بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دیاریکرد.
هەرئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مزگەوتی حوسێنییەی “ئال رەسول”ی بەغدا بەشداری لە نوێژی جەژندا کرد.
ئێوارەی 27ی ئایاری رابردوو سعودیە بە رەسمی رایگەیاند، رۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە 5ی حوزەیران و یەکەم رۆژی جەژن، هەینی 6ی حوزەیران دەبێت.
نوسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانیش لە عێراق رایگەیاند، 7ی حوزەیران یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەبێت.
جگە لە شیعەکانی عێراق ئەمڕۆ بۆ موسڵمانانی “پاکستان، مەغریب، مۆریتانیا، مالیزیا، هیندستان، بەنگلادیش و برۆنای” یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP