سەرۆککۆماری عیراق: هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ وەستاندنی جەنگ لە ناوچەکە

عێراق
20:00 - 2025-06-17


د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆککۆماری عیراق ئەمڕۆ 17ی6ی2025، ، لە دوودیداری جیاوازدا چاوی بەهەریەک لە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کەوت و باسیان لە پەرەسەندندنی ڕووداوە ئەمنییەکانی ناوچەکەو کاریگەرییەکانی لەسەر عیراق کرد.

لەدیدارەکەدا پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان تاوتوێکران و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ وەستاندنی جەنگ لە ناوچەکە و کارکردن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە.

هەر لەدیدارەکەدا جەخت لەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست کرایەوە بۆ ڕێگریکردن لەبەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عیراق وەک پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و ڕەتکردنەوەی هەر پێشێلکاریەک بۆ سەروەری عیراق، هەروەها دوپاتیان لەپێویستی یەک هەڵوێستی هێزه سیاسییەکان و یەکخستنی ڕیزەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی بارودۆخی ناوچەکە کردەوه .

هەر ئەمڕۆ، سەرۆککۆماری عیراق  لەگەڵ د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەوە، لەکۆبوونەوەکەدا  تەئکیدی لەگرنگی ڕۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پرۆسەی یاسادانان و چاودێریکردندا کردەوە و پێویستی سود وەرگرتنی لە ماوەکانی دانیشتنی ئێستای ئەنجومەنەکە بە گرنگ زانی بەمەبەستی تەواوکردنی پڕۆژە یاساکانی پەیوەست بەداواکاری و بەرژەوەندییەکانی هاوولاتیان.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەسەندندنی ڕووداوە ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عیراق و پێویستی پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەرییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی و ئابووری کرا.

لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سوپاسگوزاری خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆککۆمار دەربڕی بۆ سەردانی ئەنجومەنەکە و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر مەسەلە یاسایی و سیاسییە جۆراوجۆرەکان و پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا گرنگەکان کە لەقۆناغی تەواوبووندان و ئامادەن بۆ دەنگدان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP