لە عیراق بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دزەی کردوەتە ناو هێزە ئەمنییەکانەوە

عێراق
18:25 - 2025-07-29


بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی عێراق، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە تیوەگلاون،  وەزارەتی ناوخۆش دەستی بە پشکنین لەناو هێزەکانیدا کردووە.

کەناڵی (العربیه‌) راپۆرتێکی بە ناونیشانی ماددەی هۆشبەر دزەیکردوەتە ناو هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوکردوەتەوە، ئاماژە بەوەدەکات دەرکەوتوە، لە 100 کارمەند یەکێکیان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە.

لەوبارەیەوە، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ ئەلعەرەبی ئەلجەدید ئاشکرای کرد: هەڵمەتی پشکنینی هەڕەمەکی ماددە هۆشبەرەکان لەدوای دۆزینەوەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەنێو کارمەندانی ئەمنیدا نەوەستاوە.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشداوە،  پشکنینەکان لەلایەن تیمێکی هاوبەش لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستییەوە دەکرین، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەچنە ئەو شوێنانەی مەبەستیانە و پشکنینەکە دەکەن.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەو کارمەندانەی توشبووی ماددەی هۆشبەرن، رەوانەی ناوەندەکانی چاکسازی زۆرەملێ  دەکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و چاکبونەوەیان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP