بەشێکی پارێزگاکانی باشووری عێراق بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن؛ بەگوێرەی وتهی لایەنە پەیوەندیدارەکان، حهوزی بهخێوكردنی ماسی نایاسایی و بێمۆڵەت لەسەر رێڕەوەکانی دیجلە و فورات، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەگەیشتنی ئاوی پێویست بۆ پارێزگاکانی خواروو.
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیش دەڵێت، 10 هەزار حهوزی بهخێوكردنی ماسی نایاساییان تێکداوە.
د.خالید شمال، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق راگەیاند: لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، 10 هەزار و 10 حهوزی بهخێوكردنی ماسی نایاسایی و بێمۆڵەتمان لەناوبردووە، ئەو حەوزانە هەشت هەزار و 481 دانەیان لەسەر رێڕەوی رووباری دیجلە و هەزار و 529 حەوزی دیکەشیان لەسەر رێڕەوی فورات دروست کرابوون.
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق وتی، وەزارەتەکەیان لە لابردنی حەوزە ماسییە بێمۆڵەتەکان بەردەوامە، رێگەش نادات حەوز و دەریاچەی بەخێوکردنی ماسی یان پڕۆژەی پیشەسازیی دیکە درووست بکرێت، چونکە کاریگەری لەسەر توانای گەیاندنی ئاو بۆ پارێزگاکانی باشوور دروست دەکات.
بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، زۆرترین حەوزی ماسیی بێمۆڵەت لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین، بەغدا و کەرکووک بوون، بەشێوەیەک تەنیا لە کەرکوک هەزار و 186 حەوزی ماسی بێمۆڵەت تێکدراوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP