شەڕی ئێران و ئیسرائیل هەناردەی نەوتی عیراقی راگرتووە

ئابوری
19:36 - 2025-06-20

نۆ رۆژە نەوتی عێراق بۆ هەناردەکردن لە بەسرەوە بارنەکراوە و پسپۆڕان دەڵێن ڕاگرتنی هەناردەی نەوت پەیوەندی بە مەترسیی جەنگەوە هەیە.
بە گوێرەی ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، دوایین جار نەوت لە رێگەی بەسرەوە لە 5ـی حوزەیران بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران هەناردەکراوە و بڕەکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بووە لە رۆژێکدا.
بڵاوکراوەکانی سۆمۆ دەریدەخات نۆ رۆژە هەناردەی نەوت وەستاوە و لە هەفتەی رابردوودا تەنیا رۆژانی 16 و 17 و 18ی مانگ نەوت هەناردەکراوە.
ئامارەکە دەریدەخات لەو سێ رۆژەدا هەناردەی نەوت بەم شێوەیە بووە، رۆژی 16ی مانگ پێنج ملیۆن و  17ی مانگ دوو ملیۆن و 950 هەزار و 18ی مانگیش چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، بەهەمووی دەکاتە 11 ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل نەوت.
بە گوێرەی رێککەوتنی عێراق و ئۆپێک، دەبێت عیراق رۆژانە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە کاتێکدا بە گوێرەی یاسای بودجە پێویستە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بفرۆشێت بۆ ئەوەی پارەی بودجە دابین بکات.
سۆمۆ دەڵێت ئاماری پێنج رۆژ هەناردەی نەوتی عێراق پێش جەنگەکە، نۆزدە ملیۆن و 850 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP