ئەندامێكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای
سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایدەگەیەنێت: "سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ
بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات و بۆ ماوەی مانگێك بەردەوام دەبێت".
موهەنەد مستەفا سەراف، ئەندامی تیمی راگەیاندنی
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە:
"رۆژی 8ی 10ی 2025، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
دەستپێدەكات و بۆ ماوەی یەك مانگ بەردەوام دەبێت".
ئەمەش لە كاتێكدایە، پێشتر كۆمسیۆنی باڵای
سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاندبوو، حەوت هەزار و 926 كەس وەك كاندید
ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تۆمار كردووە و زۆرترینی لە بەغدایە و كەمترینیشی لە دهۆكە،
هاوكات لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و701 كەسیان لە رەگەزی نێرن و دوو هەزار و225
كاندیدیش لە رەگەزی مێن.
بڕیارە لە 11ی11ی2025، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، كە تێیدا21 ملیۆن و 400 هەزار و 89 دەنگدەر 329
كاندید لە كۆی 7هەزار و 926 كاندید بۆ خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران
هەڵدەبژێرن".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP