دوای وەرزێکى سەرکەوتوو پڕ لە شانازى لە خولى یانەکانى ئیتاڵیا و تێپەڕاندنى سەرجەم ڕکابەرەکانى و دەستەبەرکردنى نازناوى خولى سیریا ئەى ، یانەکەى باشوورى ئیتاڵیا کە ناپۆلى شین پۆشە نایەوێت هیچ پاشەکشەیەک لە ئاستى بکات و بۆ وەرزى نوێ گۆڕانکارى زۆر دەکات و کەتیبەکەى بە هێنانى یاریزانى کاریگەر نوێ دەکاتەوە .
تاکو ئێستا کە هێشتا دەرگاى
گواستنەوەى یاریزانان دانەخراوە ، یانەى ناپۆلى ئیتاڵی مێرکاتۆیەکى سەرکەوتووی
ئەنجام داوەو 5 گرێبەستى گەورەى کردوە .
دواین گرێبەست کە یانەکەى ئیتاڵیا پێى
گەیشت ، واژۆکردنى بۆند بوو لەگەڵ سام بۆکیماى هۆڵەندى و بەرگریکارى یانەى
بۆلۆنیاى ئیتاڵى ، ناپۆلى سەرکەوتوو بووە لەوەى بە موچەى ساڵانەى 3 ملیۆن یۆرۆ
یاریزانەکە پەلکێشى ریزى یانەکە بکات و بۆ 5 ساڵ گرێبەستى لەگەڵ ئیمزا بکات .
بۆکیماى 26 ساڵان دوو وەرزى
سەرکەوتووى لەگەڵ بۆلۆنیا ئەنجامداو لەو ماوەیەدا 80 یارى ئەنجامداوەو وەرزى
رابردوو هۆکارێکى سەرەکى بوو بۆ ئەوەى بۆلۆنیا بەشداربێت لە چامپیۆنزلیگ.
بۆ وەرزى داهاتووى خولى یانەکانى
ئیتاڵیا ، یانەى ناپۆلى هەوڵدەدات هێڵى بەرگرى زیاتر بەهێزبکات ، هێنانى بۆکیماش
هەر لەو چوارچێوەیەدایە ، ناپۆلى پلانى هەیە بۆ وەرزى نوێ پارێزگارى لە نازناوى
سیریا ئەى بکات و ڕکابەری بکات لە خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپاش .
بەدەر لەو گرێبەستە یانەى ناپۆلى چەند
بۆندێکى دیکەى واژۆکردوە ، کیڤن دی برۆینى بەلجیکى و ئەندازیارى هێڵى ناوەندى
یانەى مانچێستەر سیتى گۆاستۆتەوەو لە هێڵى ناوەند هیچ کێشەیەکى نامێنێت کە لەپاڵ
دی برین یاریزانێکى لاوى دیکەى گواستۆتەوە کە ئەویش لۆکا ماریانۆجیە کە لە
ریزەکانى یانەى ئیمپۆلى یارى دەکرد کە تەمەنى تەنها 20 ساڵە ، هەر ئەوەندەش نا ،
یانەکە دوو گرێبەستى دیکەشى ئەنجامداوە یەکێکیان نوح لانگى هۆڵەندییە کەئەویش لە
باڵەکان یارى دەکات ، هێرشبەرێکیشى بۆ هاوکارى لۆکاکۆ گواستۆتەوە بۆ ئەوەى هێڵى
هێرشبەرى زیاتر مەترسیداربکەن ، ئەو یاریزانەش لۆرینزۆ لۆکایە کە لەریزەکانى یانەى
ئۆدێنزى یارى دەکرد .
ئاکۆ بیبانى
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP