ڕۆناڵدینۆ گاوچۆی ئەستێرەی تۆپى پێى بەڕازیلی،
لە ماوەی کاروانی یاریکردنیدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە (٢٠٠٣-٢٠٠٨) گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی
لە ئاست و ئەنجامى یانەکەدا دروستکرد و بووە هۆی ژیانەوەی یانەکە و گەڕانەوەی بۆ سەر
سەکۆی سەرکەوتنەکان، کاریگەرییەکەی تەنها لە چوارچێوەی ئامار و ژمارەدا قەتیس نەبوو،
بەڵکو ورەیەکی نوێی بە یانەکە و هاندەرانی بەخشی و بەرشەلۆنە هێدى هێدى بوەوە بە
ژمارەیەکى قورس لەئەوروپا و جیهان .
دوو نازناوی لالیگا (خولی ئیسپانیا): لە وەرزەکانی ٢٠٠٤-٢٠٠٥ و ٢٠٠٥-٢٠٠٦.
یەک نازناوی چامپیۆنز لیگ (خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا): لە وەرزی ٢٠٠٥-٢٠٠٦
دوو نازناوی سوپەری ئیسپانیا
ڕۆناڵدینۆ بە شێوازی یاریکردنی ، سیحر
و جادوویی و لێهاتوویی سەرنجڕاکێشی، نەک هەر هاندەرانی یانەى بەرشەلۆنە، بەڵکو
هاندەرانی تۆپی پێی لە سەرتاسەری جیهاندا سەرسام کرد و بەتەواوى ئاشقی یاریکردنى
بوون ، لە کۆی ٢٠٧ یاری بۆ بەرشەلۆنە،
توانی ٩٤ گۆڵ تۆمار بکات و ٦٩ گۆڵیش دروست بکات .
گرنگی ڕۆناڵدینۆ بۆ بەرشەلۆنە لەوەدا
بوو کە لە کاتێکدا پەیوەندی بە یانەکەوە کرد کە یانەکەى کەتەلۆنیا بە دۆخێکی
خراپدا تێدەپەڕیین ، خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئەوکاتی بەرشەلۆنە، دوای شکستهێنانیان لە
کڕینی دەیڤد بێکهام، لە وتەیەکی بەناوبانگدا دەڵێت: "ڕاستە کە ئێمە لە بەستنی
بۆند لەگەڵ ئەستێرەیەکی وەکو بێکهام سەرکەوتوو نەبووین، بەڵام ئێستا من مانگم بۆ هێناون"
کە مەبەستی لە ڕۆناڵدینۆ بوو.
لەبەر ئەم کاریگەرییە گەورەیەی، کەناڵی
تایبەتی یانەی بەرشەلۆنە "بارسا تیڤی" لە ساڵی ٢٠١٣ فیلمێکی دۆکیومێنتاری
لەسەر بەرهەمهێنا بە ناوی "کاتێک بارسا دووبارە پێکەنیەوە" (when barca smile again)، کە ئاماژە بوو بۆ ئەو خۆشی و
سەرکەوتنەی ڕۆناڵدینۆ لەگەڵ خۆیدا هێنای بۆ یانەکە.
لە ساڵی ٢٠٠٥، ڕۆناڵدینۆ خەڵاتی تۆپی
زێڕینی (بالۆن دۆر)ی وەک باشترین یاریزانی جیهان پێبەخشرا، کە ئەمەش نیشانەی دانپێدانان
بوو بە ئاستە بەرز و کاریگەرییە ناوازەکەی لەگەڵ بەرشەلۆنە .
رۆناڵدینۆ لە ماوەى 5 ساڵ یاریکردن لە
ریزەکانى یانەى بەرشەلۆنە گۆڕانکارى جەوهەرى لە یانەکە کرد ، لەو ساتەوەى درێسى
بەرشەی پۆشى ئیتر وەچەرخانى گەورە لەمێژوویی یانەکە دروست کرد و لێونێل مێسى
ئەفسانەش بەیەکێک لە قوتابییەکانى ئەو دەمەى رۆنى دادەنرێت .
ئێستاش رێک 22 ساڵ تێدەپەڕێت لەو رۆژەى
رۆناڵدینۆ بووە یاریزانى یانەى بارسا
ئاکۆ بیبانى
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP