میدیا عیراقییه‌كان له‌پێوانه‌و به‌راوردكردنی وشكه‌ساڵی له چه‌ند راپۆرتێكدا ئاماژه بۆئه‌وه ده‌كه‌ن، كه له ساڵی (1933)ه‌وه یه‌كه‌مجاره عیراق بگات به‌و ئاسته به‌رزه‌ی وشكه ساڵی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانیش هۆكاره‌كه‌ی بۆ كه‌میی بارانبارین و كه‌مبوونه‌وه‌ی سەرچاوەی ئاویی وڵاتانی سه‌ر رووباره‌كان (توركیا و ئێران و تاڕ‌اده‌یه‌ك سوریا) ده‌گه‌ڕ‌ێنێته‌وه.
د.خالید شمال وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه رایگه‌یاندووه:" ئه‌مساڵ یه‌كێكه له وشكترین ساڵه‌كانی عیراق و له دوای ساڵی (1933)وه هیچ ساڵێك قه‌یرانه‌كه نه‌گه‌یشتووه به‌و ئاسته".
ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد:" تێكڕ‌ای داهاتی ئاو كه ده‌گاته حه‌وزی دیجله و فورات، به به‌راورد به ساڵی رابردوو به رێژه‌ی 27 % كه‌میكردووه و ئێستا گلدانه‌وه‌ی ئاو له به‌نداو و كۆگاكاندا 8%ی كۆی توانای هه‌ڵگرتن پێكده‌هێنێت، كه به‌راورد به ساڵی رابردوو به‌ڕ‌ێژه‌ی %57 كه‌میكردووه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، لوئه‌ی موختار وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ژینگه، له راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاندووه:"پارێزگاكانی باشوور وه‌ك به‌سره و میسان و زیقار، زۆرترین زیانیان به‌ركه‌وتووه به‌هۆی گۆڕ‌انی كه‌شوهه‌وا و زۆربه‌ی هۆڕ‌ه‌كانیان وشكیان كردووه".
وشكه‌ساڵی هه‌رێمی كوردستانیشی گرتووه‌ته‌وه‌و به‌هۆی بێبارانییه‌وه چه‌ندین تاڤگه‌و كانی و سه‌رچاوه‌ی ئاو وشكیان كردووه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری كردووه‌ته سه‌ر رێژه‌ی ئاو له‌هه‌ردوو به‌نداوی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان و ئاوی هه‌ردوو به‌نداوه‌كه به‌راورد به‌چه‌ند ساڵی رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئاوه‌كه‌یان كه‌میكردووه.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP