پێشمه‌رگه‌ی دێرین و هونەرمەندی شانۆکار دڵشاد ئەحمەد دوا ماڵئاوایی كرد

کلتور
13:59 - 2021-04-26

وەک چۆن لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو پێشمەرگە بوو بۆ پاراستنی وڵات، هەر بەو گڕوتینەوە و بەرۆحی پێشمەرگانە کاری دەکردو تێدەکۆشا بۆ ناساندنی هونەری کوردی لە جیهاندا.

هونەرمەندو شانۆکار مامۆستا دڵشاد ئەحمەد کە دەرچوی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانیی بوە، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە و کۆمەڵەی کوردی لە سوید پێکهێناوە بەناوی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد و خۆی سەرۆکی کۆمەڵەکە بوەو کە ساڵانە بەشداری فیستیڤاڵە کلتورییەکانی جیهانی کردوە و لەرۆژی شانۆی جیهانیدا چەندین شانۆیی پیشکەش کردوە.

مامۆستا دڵشاد چەندین سیمینار و کۆڕ و کۆبونەوەو بۆنەی تایبەتی لە شاری یۆتۆبۆری بۆ کوردانی تاراوگە رێک خستوەو چەندین گروپی موزیکی بانگهێشتی وڵاتی سوید کردوە هەتا چالاکییە هونەرییەکانیان نمایش بکەن وەک گروپەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی شنروێی هەڵەبجە.

هاوکات دیداری فیلمی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری سوید هەموو ساڵێک ئەنجامدراوە کەچەندین فیلم پێشکەش دەکرا کەمامۆستا دڵشاد بانگهێشتی زۆرینەی هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستانی کردوە بۆ بەشداری کردن لەو دیدارە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦-٤-٢٠٢١ بە نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری یۆتۆبۆری دواماڵئاوایی لە خەرمانی هونەری کوردی کردو گیانی سپارد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP